سەرجەم رێگەکانی سلێمانی – هەولێر بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخران

هاتوچۆی بارزگانی لە نێوان سلێمانی و هەولێردا بەتەواوی پەكی كەوت

هاتوچۆی بارزگانی لە نێوان سلێمانی و هەولێردا بەتەواوی پەكی كەوت

دوای داخستنی رێگەی کۆیە، کەرکووک، سماقووڵی و بالیسان، ئەمڕۆ رێگەی سکتان، کە تاکە رێگەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بوو لەنێوان هەولێر – سلێمانی، لەلایەن هاووڵاتییانەوە داخرا و جموجووڵی بازرگانیی نێوان ئەو دوو پارێزگایە پەکیکەوت.

پێشتر هاووڵاتییان رێگەکانی کۆیە، سماقووڵی و بالیسانیان بەڕووی بارهەڵگر و تانکەرەکاندا داخستبوو،

 تاکە رێگەیەک بۆ هاتووچۆکردن لەنێوان هەولێر – سلێمانی مابووەوە، رێگەی سکتان بوو؛ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە شەوی رابردووەوە بە شۆفڵ گڵیان لەسەر شەقامەکە رۆکردووە و تەنیا رێگە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی مەدەنی دەدەن

دانیشتووانی سەرجەم گوندەکانی سەر ئەو رێگایانە دەڵێن، بەهۆی خراپیی رێگەوبان و تێکچوونیان بەهۆی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان، رێگە بە هاتووچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە نادەن.

 

شۆفێری یەکێک لەو سەتان بارهەڵگرەی بەهۆی گرتنی ئەو رێگەوە گیری خواردووە دەڵێت، “گازوایلی کۆمپانیای کارم لە هەولێرەوە بار کرد و بردم بۆ سلێمانی، ئێستا بارەکەم داناوە و گەڕاومەتەوە بەرەو هەولێر، بەڵام رێگەکە گیراوە و ناهێڵن بگەڕێمەوە ماڵەوە.”

 بە گوتەی ئەو شۆفێری بارهەڵگرە، هەموو ئەو سووتەمەنیانەی دەیگوازنەوە هی حکومەتن، “ئێستا هەموو رێیەکمان بەڕوودا داخراوە و حکومەت هیچ هەوڵێکمان بۆ نادات، بەشێکی ئەو بارەی پێمانە نەفتا و غازە و مەترسیی گڕگرتنیان هەیە.”

هاوكات بەیانی ئەمڕۆ شۆفێرانی بارهەڵگر بۆماوەیەك ڕێگای سلێمانی تاسڵوجەیان داخست و داوایانكرد كارئاسانیان بۆ بكرێت .

شۆفێران دەڵێن:” بەناوی قەپان و باجی ڕێگاوبانەوە ساڵانەچەندین زەریبە و باجان لێوەردەگیرێت و ئەوەش حاڵی ڕێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستانە

 

دڵخوازەكانتان