دیبلۆماسیەت لەناو فەرھەنگی کوردیدا ھەمیشە بەر لەجەنگ بووە
دیبلۆماسیەت لەناو فەرھەنگی کوردیدا ھەمیشە بەر لەجەنگ بووە
لیزا فەلەکەدین کاکەیی
دیبلۆماسی (وشەیەکی لاتینیە بەواتای پەڕ یان کاغەزی فەرمیی دێت) ھۆکارێکی پەیوەندیە بۆ پەیوەست بوونی دوو وڵات یاخود زیاتر، یان ھۆکارێکە بۆ ئامانجی گفتوگۆ و دانوستاندن لەنێوان وڵاتان یان نەتەوەکان، کە ھەریەک بە گوێرەی ویست و ڕامیاریان گفتوگۆ و دانوستاندن دەکەن، وە پێچەوانەی زمانی دیبلۆماسیەت دیوێکی نێگەتیڤ ھەیە کە ھەرکات زمانی دیبلۆماسیەت شکستی ھێنابێت ئەوکات گفتوگۆ لە زمانی لەیەک تێگەیشتنەوە بووەتە زمانێک بۆ جەنگ یان چەق بەستووی نێوان نەتەوە جیاوازەکان یان دەوڵەتەکان.
لە ڕووی کلتوریشەوە زمانی دیبلۆماسیەت وجودی ھەبووە لە کۆندا، کە زۆر کات خێڵەکان لە ناوەوەی نەتەوەیەک یاخود نەتەوەکانی ناوەوەی وڵاتێک یان دوو وڵات کاغەز یان نامەیان ئاڵوگۆڕکردووە بەمەبەستی دانیشتن و گفتوگۆ لەمەر چارەسەرکردنی کێشەیەکی دیاریکراو کە لە نێوانیاندا ھەبووە، ھەمان بیرۆکە بەپێی وەخت تەشەنە و گەشەی کردووە بۆ بارێکی فەرمی لەنێوان وڵاتان، کە ھەریەکە لە وڵاتان کۆمەڵە کەسانێکیان داناوە تایبەتمەندن لەم بوارەدا کە بەجۆرێک دەزانن چۆن پەیوەندیەکان دروست بکەن و گەشەی پێ بدەن و بیپاڕێزن.
کورد وەکو نەتەوەیەک ڕاستە زمانی شاخی ھەبووە و بەکاری ھێناوە کاتێک ھێرش کرابێتە سەری و زوڵمی لێکرابێت، بەڵام ھیچ کاتێک گفتوگۆ و زمانی دیبلۆماسیەتی نەگەڕاندۆتەوە… دیبلۆماسیهت ھونەرە ئەکرێت ھەموو مرۆڤێک سیاسی بێت، بەڵام قورسە ھەموو سیاسیەک کارێزما و کارەکتەری دیبلۆماسیەت بێت و ماھیەتی ئەوەی ھەبێت گەلەکەی خێڵەکەی لە وەیشومەی جەنگەوە بۆ ئاشتی بەرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە لەبەھێزترین لوتکەی ھێزدا زمانی ئاشتی پێش زمانی شەڕ و توندوتیژی قبووڵکردووە، ئەوەتا حەردان تکریتی، وەزیری بەرگری پێشووی عێراق لە بیرەوەریەکانی بەناونیشانی (باندێک دزو پیاوکوژ بووین لە پشت باندە تیرۆریستەکانی سەدامەوە) لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا دەڵێت (لەواقیعدا کوردەکان لە ماوەی یەک سەدەی تەواودا بەخۆڕاگری و پاڵەوانیان توانیان تا ئەو ڕادەیە ڕژێم بەچۆکدا بێنن کە ئیتر وامان لێھاتبوو ئەگەر جەنگ بەردەوام بوایە، لەوە ئەترساین کە بەغداش بکەوێتە دەستی مەلا مستەفا بارزانی، دەڵێت تەنھا لەیەک مانگی پێش بەیاننامەی ١١ی ئازار و لەھەر ھەفتەیەک کوژرا و برینداری سوپای عێراق ٣٦٢ کەس بووە) بەپێی ئەم دانپێدانانەی حەردان تکریتی، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی بارزانی لە لوتکەی ھێزدا بووه، بەڵام کاتێک داوای گفتوگۆ لە بارزانی کراوە نەیگەڕاندۆتەوە و پەنای بۆ دانوستاندن و دیبلۆماسیەت بردووە، لە ساڵی ١٩٧٠.
لە دوای ڕاپەڕینی بەھاری گەلەکەمان لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتێکدا حکوومەتی عێراقی لەوپەڕی لاوازیدا بوو، زۆربەی شارەکانی وڵاتی لە دەستدابوو، ھەروەھا توشی شکان و داروخان ببوو لە جەنگی کوێت، ھەروەھا کورد سەرەڕای ئەنفاڵکردنی ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل و کیمابارانکردنی خەڵکی ھەڵەبجە و بادینان و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان و بێ سەروشوێنکردنی ھەشت ھەزار بارزانی، بەڵام سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئەو کات سەرۆکایەتی بەرەی کوردستانی دەکرد گفتوگۆو سیاسەتی دیبلۆماسیەتی نەگەڕاندەوە و چووە پایتەختی عێراق و لەگەڵ سەدام حسێن حیواری کرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش بۆ بەدەستھێنانی ئاشتی و دوورخستنەوەی گەلەکەی لە جەنگ لە پاش بۆردوومانی ماڵی شێخ باز و شەھید پێشڕەو دزەیی و دەیان خروقاتی سەربازی و پیلانی ئێرانی لە ناوەوەی ھەرێم و بەغداش دژ بە کورد و قەوارە دەستووریەکەی رێگای تارانی گرتەبەر و بیری لەوە کردەوە ئاشتی سیاسی و ئابووری بکاتە دەستکەوت بۆ گەلەکەی لەبری جەنگ و موشەک و درۆن، ھەڵبەتە سەردانیکردن و رێککەوتنی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ تاران ھەروا ئاسان نەبووە، بەڵام قودرەتی بەڕێزیان بۆ زمانی دیبلۆماسیەت و گفتوگۆ ھونەرێکی گەورەیە و ئەویش باڵا دەستە لە حیوار و بڕوابوون بە ئاشتی و لەیەک تێگەیشتن، بێگومان پەیوەندی نێوان ھەرێم و تاران لە زمانی مووشەک و درۆنەوە بۆ رێککەوتن، ئەمە سیحری ژیری و کاریزمایی بوونە کە زۆر کەمن ئەوانەی ئەتوانن لە فەرھەنگی سیاسەتکردندا تێدا سەرکەوتووبن و ببنە براوەی گرەوی ئاشتی..
ڕاستە زۆر کات زمانی جەنگیش زمانی دیبلۆماسیەت زاڵ دەکات و ھێز و چەکیش دەرگای دانوستاندن دەکاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی ھێزی چەک و دیبلۆماسیەت وەکو یەک جەنگی پێ بکەیت، ھەروەکو بینیمان ھێزی چەک و بەرگری لە پردی و سحێلا قۆناغێکی نوێی دروستکرد، ھاوشان ھێزی دیبلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانیش بووە سەرەتایەک لەئاشتەوایی نێوان ھەرێم و بەغداد لەدوایی کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر، کە پەیامی بڕوابوون و متمانەی بە زمانی ئاشتی و پێکەوبوونی سیاسی لە قورسترین کات دا سەردانی بەغدا و تاران و پاشان فەرەنسای کرد، کە ئەو سەردانەش توانی ژمارەی جەنگ بۆ ئاشتی و حیوار بکاتەوە…
کەوابێت دیبلۆماسیەت لەناو فەرھەنگی کوردیدا ھەمیشە خاڵی یەکەمی بەر لەجەنگ بووە، وە لەناو سیاسیەکانی کوردیشدا کاک نێچیرڤان بارزانی ئەو حیکمەتەیە کە پێویستە پشتگیری بکرێت و ھاوکاری سەرکەوتنی بین لە پێناوی ژیانێکی ئەماندا.