پشتیوان سادق: هیچ هێزێک لە جیهاندا نییە بتوانێت هەرێمی کوردستان لەناو ببات
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ هێزێک لە جیهاندا نییە بتوانێت هەرێمی کوردستان “لەناو ببات یان لاوازی بکات”. دەشڵێت، ئەو لایەنانەی ئێستا لە عێراق دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، “بڕوایان بە دەستوور نییە”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-05-2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستانە؛ لە گوتارێدا لە شاری هەولێر، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، مووچەی فەرمانبەران و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
لەبارەی گرنگیی پێگە دیپلۆماسییەکەی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق گوتی، “سەرۆک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە دەچنە وڵاتان لە ئاستی سەرۆکایەتییەکان پێشوازییان لێ دەکرێت. لە هەمان کاتدا، سەرۆک و گەورە بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە کوردستان ئاییندەیەکی زۆر گەشی هەیە”.
وەکو ئەوەی ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەی پارتی باسی کرد، “هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسی و دەستوورییە، هیچ هێزێک لە جیهاندا نییە بتوانێت ئەم هەرێمە جوانەمان لەناو ببات یان لاوازی بکات. کێشەمان دەبێت، بەڵام لە دەرئەنجامدا دەبێت ئێمە هەر سەربکەوین”.
بە گوتەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەو لایەنانەی ئێستا دەسەڵاتیان لە عێراق گرتووەتە دەست، “بەداخەوە بڕوایان بە دەستوور نییە. دەبووایە ئەوان نموونەیەکی زۆر جوانتر لە پێشوو پێشکەشی عێراق بکەن بۆ ئەوەی خەڵک بڕوای بە ئاییندەی خۆی هەبێت و چی دیکە بیر لە بەجێهێشتنی وڵات نەکاتەوە”.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ پشتیوان سادق ئەوەی خستەڕوو، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپسێردراوەکان، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەر شانی بووە بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق بە زیادەوە کردوویەتی، ئێستا چاوەڕێ دەکەین بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن”.
بە گوتەی ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەی پارتی، “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەوە کردووەتە پێویستە ئێمە دەرفەتی کار بۆ گەنجانمان برەخسێنین؛ ئێمەش کاتێک دەتوانین دەرفەتی کاریان بۆ برەخسێنین ئەو کاتەی گەنجانمان گرنگی بە تواناکانی خۆیان دەدەن”.