پەرلەمانتارێكی پارتی: هاتنی TBI بۆ نێو (هەژماری من) پاساو بۆ نەناردنی مووچە ناهێڵێتەوە
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، ”هاتنی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ نێو (هەژماری من)، چیتر پاساو بۆ ئەوانە ناهێڵێتەوە كە دەیانەوێ مووچەخۆرانی كوردستان برسی بكەن.“
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر سیاسەتی برسیكردنی گەلی كوردستان كە بەداخەوە لە بەغداوە پەیڕەو دەكرا، خۆشبەختانە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دانایی جەنابی سەرۆك وەزیران، هەموو ئەو پاساوانەی بڕی كە ببوونە هۆكاری نەناردنی مووچە.“
ڕوونیشی كردۆتەوە: ”ئەمڕۆ ئێمە لە 9ی ئایاری 2024ین، دەبوایە نزیكەی 20 رۆژ لەمەوبەر مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، بەڵام جارێكی دیكە لە بەغداوە پاساوێكی تازەیان دۆزیوەتەوە و هەندێكیش دەڵێن پاساوەكە ئەوەیە كە گوایە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێت بە بانكی بكرێت.“
مەریوان قەرەنی نووسیویەتی: ”جێی خۆشحاڵییە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) گەیشتوونەتە ڕێككەوتن و پرۆسەی تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی (هەژماری من) لە ڕێگەی بانكی (TBI) دەستی پێ كردووە. ئەم هەنگاوە، چیتر پاساو بۆ ئەوانە ناهێڵێتەوە كە دەیانەوێ مووچەخۆرانی كوردستان برسی بكەن، بۆیە پێویستە لەمڕۆوە مووچەی مانگی نیسان بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و مانگەكانی داهاتووش هیچ بیانوویەكی تازە نەدۆزرێتەوە.“
لە كۆتاییشدا رای گەیاندووە: ”مرۆڤ هەست بە شانازی دەكات كە كابینەی نۆیەم زیرەكانە كار لەسەر بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەكات و سازش لەسەر هیچ مافێك ناكات.“