شاخی گوڵان وتونیبابا تێكدەدرێت و ئیدی گەشتیاران ناتوانن سەردنی بكەن
وێراکردنى ژینگەى دەربەندیخان و تێکدانى سروشتى شاخى گوڵان خەڵکى ناوچەکەى توڕە کردووە و دەست کراوە بە بڕینى هەزاران دارى بەتەمەن و خاک و خۆڵى ناوچەکەش ڕادەماڵدرێت
بەشێک لە ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوا دەکەن کە وێرانکردنی شاخی گوڵان لە شارۆچکەی دەربەندیخان و بڕینەوەی دارەکانی ڕابگیرێت، داواکارییەکانیشیان ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم وەک، جێگری سەرۆک وەزیران، وەزارەتی کشتوکاڵ، دەستەی ژینگە، دەستەی گەشتوگوزار، داواکاری گشتی، پۆلیسی پاراستنی دارستان کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ڕێکخراوە ژینگەییەکان و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی واژۆیان کردووە، هاتووە، “بە بەرچاوی هەمووانەوە دەستکراوە بە شێواندن و وێرانکردنی ژینگەی سروشتیی ناوچەکە، بە تایبەت دەستکراوە بە وێرانکردنی شاخی گوڵان، کە بە سەدان درەختی بە تەمەنی سروشتی لەناوبراون، هەروەها، هەوڵی وێرانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاریش دەدرێت بە ناوی تونی بابا، ئەم مەترسیانە تەنها لە سنووری شارۆچکەی دەربەندیخان نییە، لە زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان هەمان کێشە و گرفت و شێواندنی ژینگە بوونیان هەیە”.
هاوار محەمەد مەجید نوێنەری جوتیارانی گوندی دەرەدۆین لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سلێمانی دەڵێت :” ژێر ناوێکى جیاواز و بە ناوى هاڕینی بەرد و دانانی كارگەی چەو لمەوە خەریكی تێكدانی تونى بابان و دەیانەوێت ئەو تونە كە مێژووكەی هەزاران ساڵە بكەنەقوربانی.
نوێنەری جوتیارانی گوندی دەرەدۆین و ئەنجومەنی گوندەكە ئاشكرای كردووە زیاتر لە دوو مانگە لە بەرێوەبەرایەتی ژینگە و قایمقامیەتی دەربەدنیخان و دادگا پۆلیس و پارێزگای سلێمانی و داواكاری گشتی سكاڵایان لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمار كردووە كە ژینگەی ناوچەكە و تونی بابا تێكدەدەن بەڵام ئەوانە دەیانەوێن كەیسەكە دیزە بە ددەرخۆنە بكەن
دەشڵێت :” زیاتر لە سێ كارگە بە یارمەتی و پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی سنورەكە و بە دەڵاڵی كەسێك زەویەكانی ئەو سنورە دەفرۆشن بۆ شوێنی كارگەی چەولم و هاڕینی بەرد لە كاتێكدا ئەو شوێنە بەگوێرەی ماستەرپلان شوێنێكی گەشتیارییە و موڵكیی وەزارەتی دارییە .
نوێنەری جوتیارانی دەرەدۆین و دانیشتوانی سنورەكەش داوادەكەن :” هەرچی زووە بێنە سەرخەت تا سروشتی ناوچەكە لەوە وێرانتر نەبووە .
تونیبابا شوێنێكی گەشتیارییە و دەكەوێتە سنوری قەزایی دەربەندیخان یەكێكە لەوشوێنە گەشتیاریانەی مەلیك فەیسەڵ سەردانی كردووە.
توونی بابا، یان توونی بابا عەمرە، دەكەوێتە باشووری شارۆكەی دەربەندیخان /66كم باشووری سلێمانی/، لە نێوان گوندی پونگڵە و پساكان. توونێلێكی درێژی پێچاوپێچی فرەلقە، كە پێشهاته سروشتییەكان، ئەو بارە جیۆلۆجییەیان بۆی نەخشاندووە، چەندان سەرچاوەی ئاو و تاڤگە و تەنانەت شوێنەواری شارستانیەتی دێرینی تێدایە
خەڵكانێكی زۆر بە یارمەتیی شارەزایانی توونەكە، بۆ گەشت ڕویتێدەكەن سەختی و پێچاوپێچی شوێنەكە، وای كردووە ناوی وەها بڕوات، هەر كەسێك بچێتە ئەو شوێنە، رێی هات و نەهاتی گرتووەتە بەر.