فڕاكسیۆنی پارتی راگەیەنراوێك لەبارەی هەڵبژاردن بڵاو دەكاتەوە
فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كورستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێت “بە سەرسوڕمانێکی زۆرەوە بەیاننامەیەک لەلایەن چەند فراکسیونێک لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.
هەروەها دەڵێت “ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەم خالانەی خوارەوە دەکەینەوە :-
1- پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هێزی سیاسی کوردستان بوو لە رێگای جەنابی سەرۆک بارزانی و لە بەهاری سالی 1991 لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری باسی لەوە کرد کە دەبێت شەرعییەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری و دیموکراسی لە رێگای هەڵبژاردنەوە.
2- لەسالی 1992 تا دوایین هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بووە و هیچ کات ترسی هەڵبژاردنی نەبووە، چونکە پشت ئەستوورە بە ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان.
3- پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەکات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن و بەتایبەت ئەوانەی ئیستا بەیاننامە دەنووسن، خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو رێگر بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیگوت ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت ناهێڵین سندووقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لە سنووری سلێمانی هەڵبژاردن بکرێت.
4- پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و لە گەڵیشی دەبێت بە مەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لە داڕشتنی پێش وەختە، ئەو تێبینی و سەرنجانەی پارتی تێبینی نەتەوەیەکن و پارتی لەگەل هەڵبژاردنێکی شەفاف و دوور لەدەستوەردانە .
5- پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێک بکرێت و مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت و ناکرێت پێکهاتەکان لە تورکمان و کلد و ئاشووری لە پەرلەمانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لە پەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن .
فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆتاییدا داوای كرد هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن، داواشی كرد تیمی یونامی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و چاودێرانی دەولی چاکتر و فراوانتر چاودێری پرۆسەکە بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا كە پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و دوور بێت لە سەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەشکاری پێشوەخت .