سوودانی: گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان بکرێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گرنگی دەزانێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان و لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسیدا بکرێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-04-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەکۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختی لە “گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام هەڵبژاردنێک لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسی و بە بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان بێت. هەروەها دەستەبەری بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی تێدا کرابێت”.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنیان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد”.

رۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:”بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت”.

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

دڵخوازەكانتان