سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان: لە هەوڵداین بۆ گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان بۆ پەرلەمان
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم پشتڕاستکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەیانەوێت “مافی پێکهاتەکان” بۆ ناو پەرلەمان بگەڕێننەوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “بەلای هەموو لایەنەکانەوە گەرەنتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە، ئاراستەیەکی دروست هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە. دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و لابردنی کورسی پێکهاتەکان، پێکهاتەکان لیستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەش نەکردووە، سەرۆکایەتی هەرێم لەهەوڵدایە ئەو مافەیان بۆ بگێڕدرێتەوە.”
دڵشاد شەهاب وتی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەموو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان گفتووگۆی کرد، هەموویان تێگەیشتنیان هەیە و بە مافی پێکهاتەکانی دەزانن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هێڵە و پێشنیاریان بۆ چارەسەر هەیە و لە گفتووگۆداین لەسەر کۆی پرۆسەکە، ئومێدەوارین بگەینە چارەسەر.”
دڵشاد شەهاب وتیشی، “هەمان ئاراستەمان هەیە و دەمانەوێت بۆ هەڵبژاردن ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان بکەین، دەمانەوێت هەموو لایەنەکان بەشداربن و گەرەنتی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکەین، ئەمە ئامانجی سەرۆکایەتی هەرێمە و چی پێویستبکات ئەنجامی دەدەین و ئاراستەکەشمان ڕێچکەی باشی وەرگرتووە.”
ئەو وتیشی، “سەرۆکایەتی هەرێم هێڵی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان هەیە و بۆ هەر پرسێکی ناوخۆیی گفتووگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەین. لایەن و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراقیش بەدەنگەوە هاتنی باشیان بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەیە، سەردانەکە بۆ زامنکردنی مافە دەستوریی و یاسایی و داراییەکانی هەرێم گرنگە، گرنگیشە بۆ بەشداری کاریگەری هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عێراق.”
هەروەها دڵشاد شەهاب وتیشی، “لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم ئێستا سەرقاڵی گفتووگۆیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، وەفدێکی هونەری حکومەتی هەرێم بۆ وردەکارییەکان لەبەغدایە و گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی دەکات بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسەکان. چارەسەرکردنی پرسەکان ئاراستەیەکی دروستیان وەرگرتووە و لێکتێگەیشتنی باش هەن و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنی دەکەین.”