سەرمووچەی زیاتر لە 14 هەزار پێشمەرگە دەبەسترێت و مووچەکانیان زیاد دەبێ
وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، سەرمووچە بە زیاتر لە 14 هەزار پێشمەرگە دەدات و ژمێریایی وەزارەتەکەش جەخت دەکاتەوە، بەپێی پلەکانیان مووچەکانیان زیاد دەبێت.
بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانی وەزیری پێشمەرگه، سەرمووچە بە 14 هەزار و 288 پلەدار و پێشمەرگە دراوە.
بەپێی فەرمانەكە، كە لە 23ی 4ی 2024 دەرچووە بە دوو لیست سەرمووچە بە پێشمەرگەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دراوە، لیستێکیان سەرمووچە بە 13 هەزار 377 پلەدار و پێشمەرگەی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان دراوە، لە لیستی دووەمدا سەرمووچە بە 10 هەزار و 579 پلەدار و پێشمەرگەی لیواکان دراوە.
لیستی سێیەم، سەرمووچە هەزار و 788ی هێزەکانی پشتیوانی یەک دراوە، لیستی چوارەمێش ناوی 559 پلەدار و پێشمەرگەی هێزەکانی پشتیوانی دوو لەخۆ دەگرێت.
سەرمووچەی ئەو پلەدار و پێشمەرگانە، لیستی نەورۆزی 2024 دەبێت، فەرمانەكە لە خشتە و مووچەی نەورۆزی 2024هوە جێبەجێ دەكرێت.
بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی سەرمووچەکانیانەوە، مووچەی ئەو كەسانە بەپێی پلەکانیان زیاد دەبێت.
سەرچاوەیەکی ژمێریاریی وەزارەتی پیشمەرگە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پارەی سەرمووچەی ئەو پێشمەرگانە لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی پێنج دەبەسترێت، چونکە زیاتر لە 15 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی چوار تەواو کراوە و فەرمانەکەش تازە هاتووە.”
بەپێی یاسای وەزارتی پێشمەرگە، پلەبەرزكرنەوە و سەرمووچەی پێشمەرگە بە دوو خشتەی ساڵانە دەبێت، كە پێی دەگوترێت خشتەی نەورۆز و ئەیلوول.
لیوا هۆشمەند حەیدەر، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروکاری ئیدارە و میری، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سەرمووچەی نەورۆزی ئەمساڵ، لەگەڵ مووچەی مانگێ ئایار دەبەسترێت و ژمێریارەکان کاری خۆیان دەست پێکردووە.”
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا: “پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی ناردنیان لەلایەن ژمێریارەکان بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەکان دەکرێت.”