مەسرور بارزانی لە یادی 50 ساڵەی بۆردوومانی قەڵادزێ: شەهیدانی ئەم کارەساتە لەیادمانن

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەیادی 50 ساڵەی بۆردوومانی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “شەهیدانی ئەم کارەساتە لەیادمانن”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، “نیو سەدە لەمەوبەر، رژێمی بەعس قەڵادزێی بۆردوومان کرد و سەدان کەسی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد، جگە لە وێرانکردنی شارەکە”.

50 ساڵ لەمەوبەر لە 24-04-1974دا، چەند فڕۆکەیەکی حکومەتی بەعس قەڵادزێیان بۆردوومان کرد. 134 هاونیشتمانی شەهید و 150ی دیکەش بریندار بوون، هەروەها نزیکەی 200 خانووش بەهۆی بۆردوومانەکانەوە رووخان. بەشێک لەوان خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بوون، چونکە ئەوکات لە ترسی حکومەتی بەعس زانکۆکەیان گواستبووەوە قەڵادزێ.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە: “هەروەها لە ساڵی 1982، خۆپێشاندانێکی شارەکەی گولـلەباران کرد کە بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی بۆردوومانەکە ئەنجامدرا بوو”.

دەقی پەیامەکە:

نیو سەدە لەمەوبەر، ڕژێمی بەعس قەڵادزێی بۆردومان کرد و سەدان کەسی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد، جگە لە وێرانکردنی شارەکە.

هەروەها لە ساڵی 1982، خۆپێشاندانێکی شارەکەی گوللەباران کرد کە بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی بۆردومانەکە ئەنجامدرا بوو.

شەهیدانی ئەم کارەساتە هەمیشە لەیادمانن.

دڵخوازەكانتان