سه‌رۆكی حكوومه‌ت: گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کرد

مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لە بارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی کرد.

سەرۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بارەی سەردانەکەی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سەرۆکكۆماری توركیا بۆ هەولێر لە هه‌ژماری تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم، لە هەولێر پێشوازیمان لە سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.

هەروەها رایگه‌یاندووه‌، خۆشحاڵبووم کە گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی ئەنجام دا.

 ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 4/22، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیيان لە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندێکی یاوەری کرد. پاشان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە چەندین بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. 
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها برەودان بە هاوئاهەنگی و هاریکاريی هاوبەش لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و وەبەرهێناندا.


هه‌ر له‌ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 22ی نیسانی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد و لەگەڵیدا کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا  بە گرنگ و مێژوویی و فاکتەری گەشەپێدان و ئارامی وەسفکرا.

هەر لەو کۆبوونەوەیدا جەخت لە بەرەوپێشچوون و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا کرایەوە، ئەویش لەپێناو پتەوتربوونی سەقامگیریی هەرێمایەتی و هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکان و قووڵترکردنی بنەماکانی دراوسێتی و برەودانی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

دڵخوازەكانتان