نێچیرڤان بارزانی: داوا لە ڕۆژنامەنووسان ده‌كه‌م پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن

 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە 126ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رحۆژنامەی کوردستان، پەیامێکی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، (126)مین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی ڕەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و (26)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان‌، به‌گەرمى لە ته‌واوى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان پيرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنيان بۆ دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت، لەم یادەدا داكۆكى له‌ زه‌مينه‌ و ژينگه‌ى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاريانه‌ ڕۆڵی پیشەیيی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان ده‌كه‌م پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له‌ ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته‌ و زمانی زبر، هه‌روه‌ها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و نيشتمان بن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، هاوکات ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييه‌کانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى بوارى ڕۆژنامەوانيدا بکەن.

له‌ كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌، سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.

دڵخوازەكانتان