سپێتی بەفر وەک شیعر

خوێندنەوەیەکی پانۆڕامییە بۆ ڕۆمانی ( بەفر) ی نووسەری گەنج
( ماکسێنس فێرمین)
دنیای نوێ‌ ، زۆر شتی بەهەند وەگرتووە ، لای زۆرێك لەتیۆرسێنەكانی بواری ئەدەب (ڕۆمان ) پایەیەکی گرنگی دروست بوونی ئەو جیهانە هاوچەرخەیە کەرۆڵی گرنگ دەبینێت لە پێشخستنی كۆمەڵگەدا . لەبەرئەوەی كتێبخانەی كوردی لەڕووی توێژینەوەی ئەكادیمیەوە ، دەربارەی ( ڕۆمانی نوێ ) زۆر هەژارە ، کاتێک دەمانەوێت قسەی لەبارەوە بکەین ، ڕووبەڕووی گرفتی زۆر دەبینەوە بەتایبەتی لەقۆناغی نووسین و شیكردنەوەدا ، ئەمەش دۆخێكە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەست و پەی پێبردنانەی بەپلەی یەكەم وەك خوێنەری دەق و هوشیاری و نەریتی خوێندنەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە کە ئاستی جیاوازی چەشەی ئەدەبیمان و نەبوونی پێشینەو سەرچاوەو ژێدەری پێویست بۆیەكاڵاكردنەوەی بیرو بۆچوونەكانمانەوە بەتایبەتی لەڕووی ترادسیۆنەوە بۆخوێنەری ئێمە گرنگە ،(ماکسێنس فێرمین) ڕۆماننووسێکی فەرەنسییە و بە شێوازێکی کورت و چڕ دەنووسێت. ئەو شێوازەی ئەو زیاتر بە شێوازی مینیماڵی ناسراوە و وردەکارییەکان بۆ خوێنەر جێ دەهێڵێت و چاو دەبڕێتە نەخشەی سەرەکیی ڕۆمانەکەی فێرمین شاکارەکەی بریتییە لە”بەفر،” “هەنگەوان” و “کەمانچە ڕەشەکە” ئەو سێ ڕۆمانەن.
بەفر، یەکێکە لەئەزموونەتازەکان کە شێوازی نووسینەکە لەلایەن جەندین ڕۆماننووسەوە کاریان تێداکراوەو هەندێکجار بەڕۆمانی مینی ماڵیستیش ناودەبرێن . بەفر ڕۆمانێکە دەربارەی جوانی و سپێتیی بەفر و هایکۆی ژاپۆنی. خودی ڕۆمانەکە فەزایەکی هایکۆیی هەیە و لە هایکۆنووسێک دەدوێت. ڕۆژێک هایکۆنووسەکە لەگەڵ باوکیدا بە تەنیشت ڕووبارێکەوە پیاسە دەکەن، هایکۆنووسە گەنجەکە بە باوکی دەڵێت: شیعر چییە؟ باوکی دەڵێت: شیعر ئەم ڕووبارەیە. رۆمانی بەفر ، كە بەرهەمی هزریی نووسەری گەنج ماكسێنس فێرمینی لەدایکبووی ( 1968) ە ‌و دەكرێت باش بخوێندرێتەوە، چونكە ڕۆمانی بەفر تام‌ و چێژێكی تایبەتی بەمرۆڤ دەبەخشێت ‌. جیاوازە لەڕۆمانی بەفری ئۆرهان پامۆک کەئەویش بەرهەمێکی تری ناوازەو شاکارێکە بۆخۆی بەڵام ئێمە لێرەدا باسی ڕۆمانی بەفری فێرمین دەکەین ؛ ئەو دەمەی رۆمانەكە دەخوێنیتەوە واهەست دەكەیت رۆچوویتە ناو چامەیەكی شیعری بەپێز، چونكە سەراپای رۆمانەكە بە نەفەسێكی شیعری نووسراوە، كە ئەمەش داهێنانێكی تازەیە‌و زیاتر سەرنجی خوێنەر بەلای خۆیدا كێشدەكات‌ . فێرمین نەیشاردۆتەوە كە چەندە لەژێر كاریگەری شیعردایە‌و ئاوا گوزارشت لەشیعر‌و شاعیر دەكات لەبەر ئەوەی شیعر لای فێرمین هاندەر‌و یارمەتیدەرێكە بۆ دۆزینەوەی جوگرافیایەکی جیاوازترلە مرۆڤ، ئەو ئاوا گوزارشت لەشیعر‌و شاعیر دەكات. هەروەها ئەو دەیەوێت ئەدەب‌و هونەر بەتێكەڵی ببینێت ‌‌و هەرواش بەئێمەیان بناسێنێت ‌، ئەو رایەڵێكی بەهێزی هەیە لەنێوان خۆشەویستی لەلایەك‌و سەما‌و جوانناسی ‌و مۆسیقا ‌و نیگاركێشان ‌و شیعر لەلایەكی تر. سەرچاوەی هەموو ئەمانەش بەلای ئەوەوە لە خۆشەویستی ئافرەتێكەوە سەرهەڵدەدەن بۆ كاراكتەرێكی بەهێزی ناو رۆمانەكە، كە ئەویش (سوزوكی) یە. واتە لە بەرامبەر تەواوی هونەرەكاندا ئەو بەلای خۆشەویستی دایدەشكێنێت ‌. ئەوەش سەرەڕای لەیەكچوونیان، بەڵام( خۆشەویستی بە قورسترینیان دەزانێت . تەواوی گرێبەندەكانی ناو رۆمانەكەش ( رێكەوت ) دەكەنە شوناسی خۆیان، واتە رێكەوت پروشەیەكی دیاری ناو رۆمانەكەیە، كە چەندین جار هاتۆتەسەرڕێگەی ، وەك دەبینین بەڕێكەوت بەسەر لاشەی (بەفر) لەناو بەستەڵەكدا تێدەپەڕێت بەڵام لەبەر جوانییەكەی لەهۆش خۆی دەچێت‌. یان رێكەوتی بینینی سوزوكی ‌و بەفر ‌و دروستبوونی ئەو عیشقە راستەقینەیەی لای سوزوكی یا بەیەكگەیشتنی ( كچی بەفر)‌ و (یۆكۆ‌) و زەماوەندكردنیان، یان كە سوزوكی زانیبووی جوانترین‌و سپیترین تابلۆی خۆی بكێشێت.
فێرمین شەڕێكی گەورە بەرپادەكات لەنێوان رەنگ‌ و بێڕەنگیدا ، كە سەرەتا بەدوای دۆزینەوەی بێڕەنگیەوە دەبێت ‌‌و لەڕێی سوزوكی دەیدۆزێتەوە ، كە ئەو دەمەی نابینا دەبێت و دواجاریش بەكەناری رەنگەكان دەگات لەڕێی یۆكۆوە، ئەوەی سەرنجیش رادەكێشێت ‌ ئەوەیە، بەفر لای ئەو بێڕەنگە یان كە دەڵێ‌: بەفر سپییە، هەر بۆیە دیار نیە ‌و شایانی بوون نیە، جا دەشێت ئەمە رەنگێكی خەیاڵی بێت و كەشف نەكرابێت. یان لەهەندێک‌ وێنەی ناو رۆمانەكەدا جێ‌ پەنجەی زانست دیارە، بەشێوەیەك كە ئاوێتەی كردووە لەگەڵ رۆمانسییەت‌و لەڕێی زانستەوە دەرگای بەڕووی جوانیی ‌و سۆز كردۆتەوە. ئەوەتا سوزوكی بە یۆكۆ دەڵێ‌: كوڕی خۆم ئەو چوونە چ سودێكی بۆ من هەیە؟ ئەزانم ئەمەی وتت راستە ، بەڵام چوونە سەر مەزاری هاوسەرەكەم كە ساڵانێكی زۆرە مردووە، بۆ پیرەمێردێكی وەكو من چ سودێكی هەیە ؟ یان هوروشی دەڵێ‌: .. لەیەك شت دڵنیابووم ، ئەویش ئەوەبوو كە ئەم پیردەبێت‌ و دنیا بەجێ‌ دەهێڵێت، بەڵام ئەم روخسارە جوانە خەوتووەی ناو ئەم بەفرە، هەرگیز پیرنابێت‌و تەنانەت دوای مەرگیش ‌و تا ئەبەد خۆشەویستی بۆ

ئەم ژنە لەوێدا دەمێنێتەوە. ئەمە بەفر ‌و بەستەڵەك وەكو مۆمیاكردن وان بۆ لاشەی مردوو، هەروەها كار لەسەر هێشتنەوەیان دەكات لە دۆخێكی جێگیردا، بە پێچەوانەی باری تری فیزیایی لە فەزای ئازاد كە كاری داخوران‌و پیربوون لەسەر لاشەی ئادەمیزاد دەكەن. فێرمین لەڕێی یۆكۆی پاڵەوانی ناو رۆمانەكەوە، شارەزایێكی زۆر بەكاردێنێت‌ بۆ لێك نزیكخستنەوەی هەردوو جیهانی واقیع‌و خەیاڵ. ئەمەش ئەو كاتەیە كە یۆكۆ زانیاری لەسەر ( بەفر) دەداتە سوزوكی ‌و سوزوكی بەسەرسوڕمانەوە پێی دەڵێ‌: تۆ ئەم شتانە لە كوێوە دەزانیت. بەڕاستی تۆ كێیت؟ پەیامهێنێكی دونیای مردووانیت ؟ كەس نازانێت ئەو لەكوێیە، دەمێكە ئەو كەژ‌و كێوە ئەویان لەمن سەندۆتەوە. هەرچەندە یۆكۆ دەیەوێ‌ یارییەكە بكات ‌و تۆپەكە بخاتە گۆڕەپانی مامۆستاكەی ‌و پێی بڵێ‌ ئەو لەڕێی جوانیی رۆحەوە دەرك بە شتەكان دەكات، چونكە بەرلەوە فێرببوو( كە لە بنەڕەتدا رۆشنایی راستەقینە ‌و رەنگی راستەقینە پەیوەندیان بە جوانی رۆحەوە هەیە) یان راستیەكەی دەیەویست بەمشێوەیە مامۆستاكەی هەڵخەڵەتێنێت‌، كە ئەمە جاری یەكەمی نیە، بەڵكو بۆ یەكەمجار ئەو كاتەبوو كە لەیەكەم پرۆڤەدا مامۆستا پێی گوت: چاوەكانت بخەرە سەریەك ‌و بزانم چی دەبینیت؟ ئەویش وتی رەنگی سووری درەختەكان، بەڵام مامۆستا هەستی بە ساختەییەكەی كرد‌و بە توندی وەڵامی دایەوە، جاری دووەمیش ئەوەبوو كە مامۆستاكەی هەڵخەڵەتاند ‌و لە واقیعیشدا چی بینیبوو دەربارەی ( بەفر) ئەوەی خستە ناو چێوەی خەیاڵ‌و بە مامۆستاكەی راگەیاند، واتە خەیاڵی تەوزیفی سەر واقیع كرد‌و مامۆستای پێ‌ سەرسام كرد، كە ئەمەش هونەرێكی جوان و ئەرێنی هەبوو بەلای سوزوكی یەوە، كە گرێی دەروونی بۆ كرایەوە‌و بەلاشەی بێگیانی ( بەفر)ی گەیاند ‌و تا ئەبەد لەتەنیشت لاشەی ئەو راكشا هەروەها لەرۆمانەكەدا ژمارە(7) ئەفسونێكە یان تاكە دوورگەی نەدۆزراوەی نێو رۆمانەكەیە، تەواوی ئەوانەی رۆمانەكە دەخوێننەوە، هەرگیز لە سیحری ئەم ژمارەیە ناگەن، چونكە مەبەستێكی شاراوەی رۆماننووس لە پشتی ئەم ژمارەیە خۆی مەلاس داوە‌و ئەویش مەبەستی نیە بیدركێنێت تەنها دەتواندرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت .


لەکۆتاییدا دەکرێت بڵێین ڕۆمانی سەردەم ڕۆمانی مینیماڵی یان هەرناوێکی تری لێبنێین پێویستە و مرۆڤی کورد ئەم جۆرە ڕۆمانە پوخت وبێگەردانە بخوێنێتەوەو خۆی لەگەڵ جیهانی نوێ بگونجێنێت و دوور بکەوێتەوە لەدرێژ دادڕی بێ واتاو بێ ئاکام وەکو هەندێک نووسەری پێدەناسرێتەوە .

دڵخوازەكانتان