ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی 37 ساڵەی كیمیابارانكردنى بالیسان و شێخ وه‌سان و دۆڵى خۆشناوه‌تیدا ڕایگەیاند، “خه‌ڵكى جوامێر و نیشتمانپه‌روه‌رى بالیسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى وه‌ك هه‌موو گه‌لى كوردستان، نه‌ك هه‌ر به‌ كیمیاباران و ژەهراویكردنى خاك و ئاو و ئاسمانه‌كه‌ى كۆڵیان نه‌‌دا، به‌ڵكو خۆڕاگرانه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و درێژه‌یان به‌ تیكۆشان دژ به‌ سته‌م و دكتاتۆرى دا، بۆیه‌ شایسته‌ى باشترین خزمه‌ت و گرنگیپێدانى زیاترن‌.”

دەقی ڕاگه‌یه‌نراوەکەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: 

ئه‌مڕۆ 16ى نیسان، له‌ یادى به‌ئازارى (37) ساڵه‌ى كیمیابارانكردنى بالیسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تیدا، دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان و سڵاو بۆ‌ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان و ته‌واوى قوربانى و به‌ركه‌وتووانى ئه‌و تاوانه‌ى ڕژێمى پێشووى عێراق ده‌نێرین و به‌ ڕێزه‌وه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

كیمیابارانكردنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ مه‌كۆى شۆڕش و تێكۆشان بووه‌ دژى سته‌م و دكتاتۆرى و له‌پێناو ئازادیى گه‌لى كوردستاندا قوربانیى زۆرى داوه‌، سه‌ره‌تا و ده‌سپێكى تاوانى كیمیابارانكردنى خه‌ڵك و خاكى كوردستان بوو كه‌ بووه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كى ڕه‌شى مێژووى ئه‌نجامده‌رانى و نیشانه‌ى سته‌ملێكراویى گه‌لى كوردستان.

خه‌ڵكى جوامێر و نیشتمانپه‌روه‌رى بالیسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى وه‌ك هه‌موو گه‌لى كوردستان، نه‌ك هه‌ر به‌ كیمیاباران و ژاراویكردنى خاك و ئاو و ئاسمانه‌كه‌ى كۆڵیان نه‌‌دا، به‌ڵكوو خۆڕاگرانه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و درێژه‌یان به‌ تێكۆشان دژ به‌ سته‌م و دكتاتۆرى دا، بۆیه‌ شایسته‌ى باشترین خزمه‌ت و گرنگیپێدانى زیاترن‌.

سڵاو بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌ى له‌ كاتى كیمیاباراندا یارمه‌تیى قوربانییانیان دا و گیانى خۆیان خسته‌ مه‌ترسى، بۆ ئه‌وه‌ى بریندار و به‌ركه‌وتووان تیمار بكه‌ن. گیانى پیرۆزى شه‌هیدان شاد و یادیان هه‌میشه‌ به‌ خێر.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/4/16

دڵخوازەكانتان