مه‌سرور بارزانی: ئێستاش هه‌ندێ کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە نکۆڵی لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بکەن

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ ساڵیادی جینۆسایدی ئه‌نفال بڵاوكرده‌وه‌.


مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان، چ قوربانییەکی مەزنیان لە پێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی داوە.

ده‌شڵێ، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت راشیگه‌یاندووه‌، ئەوەی مایەی داخە تا ئێستاش کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون.

له‌ كۆتاییدا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون.

دڵخوازەكانتان