سەرۆکی هەرێم و سەرکۆمار جەخت لە جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌ت دەکەنەوە

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ عەبدولـله‌تيف جه‌مال ڕه‌شيد، سه‌ركۆمارى عێراقى فيدراڵ جه‌ختيان لە گرنگیی به‌رده‌واميى گفتوگۆ بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌ت کردەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەکەی لە بەغدا دۆخى گشتيى وڵات و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق ده‌رباره‌ى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌كردنى ته‌واوى كێشه‌كان بە گوێرەی ده‌ستوور، تاوتوێ كرا.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌سه‌ر گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆ كرده‌وه‌ بۆ چارەكردنى كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌ت بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى فيدراڵى و مسۆگه‌ريى ماف و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌خۆرانى، دوور له‌ كێشه‌ سياسييه‌كان، هه‌روه‌ها هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانيان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات، به‌ پێويست زانى.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كردووەتە‌وه‌ لێكگه‌يشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى مووچه‌، كاردانه‌وه‌ى ئه‌رێنى به‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولاوه‌ ده‌بێت.

هەروەها سه‌ركۆمارى عێراقى فيدراڵ، جه‌ختى له‌ گرنگيى پشتگيريى جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكوومه‌تى فيدراڵ كرده‌وه‌ و ڕۆڵى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى له‌ چاره‌كردنى پرسەکان و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان و چاره‌کردنى كێشه‌كان، به‌رز نرخاند.

دڵخوازەكانتان