سەرۆک بارزانی: پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنە لە کوردستان
ئەمڕۆ سێشهممه، 2ی نیسانی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یاکۆ بێریندز، کونسوڵی گشتی هۆڵەندا و کلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا له ههولێر كرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان. هەروەها ئاماژە بە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا و هەردوو کونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا پاڵپشتی وڵاتهكانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە ڕاگەیاند بە جۆرێک کە نوێنەرایەتی ڕووی دیموکراسی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش بە هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان.
وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ستایشی ڕۆڵی ههردوو وڵاتی هۆڵهندا و ئهڵمانیای دۆستی کرد لە پاڵپشتیکردنی دۆزی گەلی کوردستان. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، “پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنە لە کوردستان، و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت”.
سەرۆک بارزانی ئەوەی خستووەتەڕوو، “بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی زیاتر له چوارسهد ههزار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی ڕێکار و میکانیزمی و ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات”.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی جهختی لهوهكردهوه كه پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێک و داڕشتنێکی پێشوەختە. بە پێویستشی زانی كە هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانەی مهلهفی ههڵبژاردن چارەسەر بكرێت بۆ ئهوهی پڕۆسەكه نوێنهرایهتیی ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، به شێوهیهک کە لە خزمهتی دیموکراسی و شەرعیەتی دامودەزگاکانی هەرێمدا بێت.