77 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد تێدەپەڕێت

77 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان لە مەھاباد تێدەپەڕێت. ڕۆژی 31ی ئاداری 1947، پێشەوا و هاوڕێکانی بە تاوانی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان، لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد لە سێدارە دران.

31ی ئاداری 1947 ھەواڵێک ھەموو کوردستانی هەژاند، پێشەوا قازی محەممەد کە کەمتر لە ساڵێک بوو سەرۆکایەتیی کۆماری کوردستانی لە مەھاباد لە ئەستۆ گرتبوو، لەگەڵ ئەبولقاسم قازیی برای و حەمەحسێن خانی سەیفی قازیی ئامۆزای، لە گۆڕەپانی چوارچرای پایتەختی کۆماری کوردستان لە سێدارە دران. تاوانەکەیشیان ئەوە بوو هەوڵیان بۆ سەربەخۆیی، بە زاراوەی ئەوکات ئیستقلالی کوردستان داوە.

لە شەڕی دووەمی جیھانیدا ھێزەکانی یەکێتیی سۆڤییەت و بەریتانیا باکوور و باشووری ئێرانیان داگیر کردبوو، لە ناوچەی موکریان و دەوروبەری بە ناوەندیەتیی شاری مەھاباد دەرفەتی ئەوە ڕەخسا کە ڕێبەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد حکوومەتێکی خۆماڵی دامەزرێنن و پێشەوا، لە ڕۆژی 22ی کانوونی دووەمی 1946 لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، کە دواتر بەهۆی گۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە حکوومەتی ناوەندیی ئێران توانیی ناوچەکە بگرێتەوە و ڕۆژی 31ی ئاداری 1947 سەرۆککۆماری کوردستانی لە گۆڕەپانی چوارچرا لە سێدارە دا.

لە کۆماری کوردستاندا خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون. هێزەکانی بارزانی بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی کە پلەی جەنەراڵی کۆماری کوردستانی هەبوو، پشتیوانییەکی بەهێزیان لە کۆماری کوردستان کرد و لە چەند ناوچەی کوردستانیش بەرگریی زۆریان لە کۆمار کرد.

لەو کاتەدا کە کۆماری کوردستان دامەزرا بوو، ئەحمەد قەوامولسەڵتەنە، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران، دەستی کرد بە کۆمەڵێک جموجووڵی دیپلۆماسی و بەلێنی بە یەکێتیی سۆڤیەت دا ئەگەر لەشکری سوور لە ئێران بکشێتەوە، ئەوان گرێبەستی نەوتی باکووریان لەگەڵ مۆر دەکەن و نەوتی ئەو ناوچەیە ڕادەستی سۆڤیەت دەکەن؛ چونکە نەوتی باشووری ئێران لەبن دەستی بەریتانییەکاندا بوو، ڕووسەکانیش لەمێژ بوو داوای نەوتی باکووری ئێرانیان دەکرد.

ئەو ڕێککەوتنە کرا، یەکێتیی سۆڤییەت لە ئێران کشایەوە و خۆی لە کاروباری ناوخۆی ئێران کڕ کرد، بەریتانیا و ئەمەریکاش بەتەواوی پشتیوانییان لە تاران کرد، تاران بە سوپایەکی پۆشتەوە هێرشی کردە سەر کوردستان. پێشتریش هێرشیان کردبووە سەر کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز، کە هاوکات لەگەڵ کۆماری کوردستاندا دامەزرا بوو، لەوێ کوشتوبڕێکی زۆریان لە خەڵکی ئازەربایجان کرد.

 پێشەوا قازی محەممەد کە هەواڵی کوشتوبڕی خەڵکی ئازەربایجانی پێ گەیشتبوو، ھەوڵی دا لەگەڵ ئێرانییەکان دەست بە دانوستان بکات. لە دانوستانەکاندا ڕێبەرانی تاران بەڵێنیان پێ دا لە کوردستان کوشتوبڕ نەکەن، بۆیە ڕێگەی دا سوپای ئێران بگەڕێتەوە مەهاباد، بەڵام تاران بەڵینەکانی نەبردە سەر و چەند مانگ دواتر لە دادگایەکی یەکلایەنەدا پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و لەسێدارە دران. هاوکات لە بۆکان و سەقزیش بەشێک لە ڕێبەران و بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان لە سێدارە دران.

دڵخوازەكانتان