ڕای شه‌قام
ئیڤان عارف
ڕای شه‌قام ده‌ربڕینی ڕای به‌شێكی کۆمەڵگایه، هه‌ڵوێست وەرگرتنە له‌سه‌ر بابه‌تێك یان زیاتر، ته‌وژمی ڕای گشتی نا جێگیره ، به پێی ویست و تێگه‌یشتنی گۆمه‌ڵگه بۆ ڕووداوه‌كان دەگۆڕێت، داواكارییە یاخود پەرچەكردارە، شكڵ و چۆنیەتی دەربڕینەكان.
دەركەوتەی ئاستی هۆشیارییە، هه‌ندێك جار كه‌سانی نوخبه دەبن بەهەوێنی و ماكی هاندان و ئاراسته‌كردنی، یان جه‌ماوه‌ر خۆكردانه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ده‌رده‌بڕێت، ڕۆڵی شۆشیال میدیاش لە فەزای ڕادەربڕیندا دووالیزمە.
ڕۆڵی یەكەم كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە، لە جۆشدان و ئاراستەكردندا، وەنەبێت تەنها ئەو ڕۆڵە شێركردنی دیاردە پۆپۆلیزمیەكان بێت، دەزگا سیخوڕیەكانیش خزاونەتە ناو ئەم فەزایەوە، بەجۆرێك چەواشەكاری(دیسن ئین فۆڕمەیشن) دروست دەكەن، ژینگەیەك دەخوڵقێنن وەهم و واقیع جیا نەكرێتەوە. ڕایەكان بۆ ویستەكانیان ئاراستە دەكەن.
لە ڕۆڵێكیتردا سۆشیال میدیا، خۆی دەبێت بە مینبەری ڕادەربڕێن. هەرچەندە ڕەوایەتیی ڕای شەقامی نییە، چونكە لێرەدا تاك له‌تێگه‌شتنی خودیه‌وه به‌ناوی ڕایگشتهوه هه‌ڵوێست ده‌رده‌بڕێت.
به‌ڵام له ناو گردبوونه‌وه‌ی شه‌قامدا تاك له ناو گشت‌دا ده‌توێته‌وه و ئاراسته دەكرێت، ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی مه‌ده‌نیانه مافێكی سه‌ره‌تایی جه‌ماوه‌ره.
ده‌بێت ڕێكخه‌ران و تاكی گردبونهوەكان هۆشیارانه خوێندنه‌وه‌ی واقیعی و به‌رپرسیارانه‌یان هەبێت، چونكە هەندێك جار ڕای جه‌ماوه‌ر توشی لادان دەكرێت.
یاخود ئه‌و تێگه‌شتنه هه‌ڵه‌یە زاڵده‌بێت به‌سه‌ر ڕای جه‌ماوه‌ردا، كه به‌های باڵا ده‌به‌ستێته‌وه به هه‌ڵوێستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕه‌هاوه، مرۆڤه كارلێكراوهكان زیاتر هه‌ڵگری ئه‌م خه‌سڵه‌ته دەبن، کە تێگه‌شتنیان له چه‌مكی یاخی بوون، ته‌نها ئه‌وه‌یه،کە مرۆڤ ده‌بێت له ده‌سەڵات یاخی بێت.
به تێگه‌شتنێكی نا واقیعییانه گوایه یاخی نه‌بوون دەستەمۆییە و كۆیله‌بوونه، ئەمەش گوزارشتێكی نا لۆژیكییانەیه و هێنراوه‌ته ناو كلتوری کە نامهنتیقییانه هاوڕانه‌بوون به دژ داده‌نێت، د.علی وه‌ردی له كتێبی گاڵته‌جاڕیی عه‌قڵی مرۆڤدا ده‌ڵێت: بنه‌مای مه‌نتیقی كۆن ئه‌وه‌یه کە مرۆڤ ڕای ڕێژه‌یی قبووڵ ناكات، یان ڕه‌ش یان سپی.
تاك به‌و بیانوه‌ی مروڤێكی دهستهمۆنییه ڕه‌وایه‌تی ده‌دات به خۆی دژی هه‌موو پره‌نسیپێك بێت، ئەمەش وەنهبێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تییانه‌ی بۆ بكات، دواتر هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕێت، ئه‌و پێشه‌كی بڕیاریداوه ڕه‌تی بكاته‌وه، ئه‌م جۆره هزره‌ی هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تی دادوهریكردنه، هه‌رخۆی دادگایی ده‌كات و خۆیشی سزاكه‌ی بۆ ده‌بڕێته‌وه”.
ده‌كرێت ئه‌م هه‌ڵوێسته ناو ببرێت به‌توڕه بوون ، نه‌ك یاخی بوون، چونكه ئه‌وە توڕه‌بوونه هه‌مووشت ڕه‌ش ده‌كاته‌وه، بیر له ئه‌نجام ناكاته‌وه توڕه‌بوون ده‌رهاویشته‌ی سۆزه بێ بێكردنهوهیە، یاخی بوون ده‌رهاویشته‌ی عه‌قڵه، لۆژیكیانه بیرده‌كاته‌وه باش و خراپ له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه. هه‌مووشت ڕهشناكاتهوه داوای باشتر دەكات.