مستەفا شێخ عەبدولرەحمان: سوپاسی سەرۆكی حكومەت دەكەین بەكەمكردنەوەی گومرگ لەسەر هاوردەكردنی گۆشتی سور

سەرۆكی گشتی یەكیتی هاوردە و ناردنكاران: سوپاسی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران دەكەین داواكاریەكیان سەبارەت بەكەمكردنەوەی گومرگ لەسەر هاوردەكردنی گۆشتی سور قبوڵكرد .
شێخ مستەفا شێخ عەبدولرەحمان سەرۆكی گشتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە رێكەوتی 6 / 3 / 2024 بە نوسراوێكی فەرمی كە ئاڕاستەی د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانمان كرد تیایدا داوامان كردبوو بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی و لەبەر بەرژەوەندی گشتی ڕەسمی گومرگی لەسەر گۆشتی سوور هەڵبگیرێت یان بۆ نیوە كەمبكرێتەوە.
 سەرۆكی گشتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا : بە سوپاسەوە لە چوارچێوەی ئەو پاكێجە مژدەبەخشەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەردا و بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، یەكێك لە خاڵەكان داواكاریەكەی ئێمەبوو بەوەی بڕیاردرا بە بەخشینی 50% ی ڕسوماتی هاوردەكردنی گۆشتی سور.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولرەحمان ڕیگەیاند هیوادارین هەمیشە حكومەت لەبەرەی میللەتدا بیت و بڕیارەكانی بۆ بەرژەوەندی و خزمەتكردنی چینی هەژار و كەم دەرامەت بێت، بۆیە ئەم بریارانەی ئەنجومەنی وەزیران جێی دەستخوشی و پێزانینە و لەبەرژەوەندی هەموو لایەكماندایە.

دڵخوازەكانتان