سه‌رۆكی حكومه‌ت فه‌رمانێك له‌باره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌رده‌كات


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 28ی ئاداری 2024، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌،  مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە. 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە فەرمانی كرد كە پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە جێبەجێ بكرێت و دوای ئەوەی كە لەسەر فەرمانی سه‌رۆك وه‌زیران سەردانی پارێزگای هەڵەبجەمان كرد و لە وەزارەت وردەكاریی پرۆژەكەمان دراسەت كرد و دواتر بۆ نووسینگەی سەرۆك وەزیرانمان بەرزكردەوە، بە سوپاسەوە لە ڕۆژی 25ی ئاداری 2024،  مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی ئەو گوژمەیەی كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە و پێدانی دەسەڵات پێمان بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی پرۆژەكە بەزووترین كات دەست پێ بكەین و جێبەجێی بكەین.

سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە و كاریگەریی لەسەر ڕێكخستنەوە و پێشخستن و گەشەپێدانی شاری هەڵەبجە، ساسان عەونی، دەڵێت: ماستەرپلانی هەڵەبجە لە ئەولەویەتی پرۆژەكانی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە لە بواری دروستكردنی ماستەرپلان بۆ شار و شارۆچەكان، چونكە دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو ڕووێكەوە دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە، ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی فراوانە و سەرجەم سێكتەرە گرنگەكانی شارەكە لەخۆدەگرێت و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت. 


لە پرۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی فاكتەرە ژینگەیی، دیمۆگرافی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەكان و چەندین بواری دیكەی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت.

سەبارەت بە كاریگەریی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست و هەنگاوەكانی داهاتووی پرۆژەكە، ساسان عەونی دەڵێت: دوای بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەكە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە، كارەكانی پرۆژەكە پێدەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و پرۆسەی كاركردن خێراتر دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دڵخوازەكانتان