وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو راگەیەندرا

رۆژی شەممەی داهاتوو، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دووی) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-03-2024، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو، 30-03-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

محەممەد عەبدولقادر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “لیستی مووچەی ئەم مانگە جیاواز دەبێت و بە گوێرەی پارەدارکردن لەلایەن بەغداوە دەبێت”. گوتیشی، “سەرەتا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینی پێشمەرگە دەدرێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نادر مەجید نادر، بەڕێوەبەری جولەی دراو لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومی بەمەبەستی ئامادەکردنی مووچەی مانگی دوو”.

نادر مەجید گوتیشی: “ئێمە داوامان لە عێراق کردووە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردووە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە”. روونیشیکردەوە، “سەرۆکی حکوومەت داوای کرد لیستی مانگی سێ ئامادەبکەین، ئێمەش دوو ڕۆژە خەریکی ئامادەکردنی ئەو پڕۆسەیەین و نزیکەی 98% کارەکانی لیستی مووچەی مانگی سێ تەواو بووە”.

دڵخوازەكانتان