کۆمیسیۆن وەڵامی داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە هەڵبژاردن دەداتەوە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو نووسراوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 11-03-2024 ئاراستەی کردن و تێیدا چەند سەرنج و تێبینییەکی خستبووەڕوو، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆبووەوە و بە نووسراوی فەرمی عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن وەڵامی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دایەوە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، نووسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار تەوەری لەخۆگرتبوو، تێیدا داواکرابوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیار و رێکار لەبارەی ئەو تەوەرانە بدات و چارەسەریان بکات.

لەبارەی تێبینییەکانەوە جومانە غەلای قسەی کرد و گوتی، “نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر یەکێک بوو لە تێبینییەکان، کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 20%ی دەنگدەران پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە. ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجە و ئەگەری زیادکردنی کورسییەکان بەشێوەیەک لەگەڵ دانیشتووانەکەی بگونجێت یەکێکی دیکە بوو لە تێبینییەکان؛ هەروەها پێشنیاز کرابوو تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەستەی کۆمیسیۆن و تەنیا لە هەرێمی کوردستان بێت، چونکە ئەو هەڵبژاردنە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە؛ بابەتەکەی دیکە پەیوەست بوو بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەراوردکردنی ئەنجامەکانەوە.”

بە گوتەی جومانە غەلای، کۆمیسیۆن لە وەڵامدا گوتوویەتی، “بابەتی پەنجەمۆر دەکەوێتە سەر شێوازی وەرگرتنی پەنجەمۆر لە هاووڵاتی لە کاتی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەترییدا. پەنجەمۆر بەپێی دۆخی دەنگدەر دەگۆڕدرێت. دەکرێت ئامێرەکان پەنجەمۆری هەندێک کەس نەخوێننەوە کە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی پێستیان هەیە، یان بەتەمەن بن و ئەو کارانە بکەن کە مادەی کیمیایی و پاککەرەوەیان تێدا بەکاردەهێندرێت. بۆیە ئەو پرسە پەیوەست نییە بە ئامێری خوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە، هێندەی پەیوەستە بە دۆخ و پەنجەی دەنگدەرەوە.”

گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، خشتەیەکی تایبەت بە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئامادە کردووە کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراقدا پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە ساڵی 2021دا لە هەولێر 742 هەزار و 550 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 20%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە سلێمانی 883 هەزار و 423 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 20%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە دهۆک 559 هەزار و 746 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 15%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە.

ئامارەکە، بە گوتەی جومانە غەلای، لە کۆتایی ساڵی 2023دا بەم جۆرە بووە: ژمارەی ئەوانەی بایۆمەترییان کردووە 962 هەزار و 239 دەنگدەر بوون و 14%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە سلێمانی ژمارەی ئەوانەی بایۆمەترییان کردبوو یەک ملیۆن و 113 هەزار و 302 دەنگدەر بوون و 13%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە دهۆک ژمارەی ئەوانەی بایۆمەترییان کردبوو 708 هەزار و 11 دەنگدەر بوون و 11%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تیبینییان کردووە ژمارەی ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە لە ساڵی 2021 بۆ 2023 کەمبووەتەوە. گوتیشی، ئەو کارەیان بە “زیادکردنی ماوەی نوێکردنەوە و گەڕانی چڕی تیمی گەڕۆک و هەوڵی دیکە بووە بۆ چارەسەکردنی ئەوانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە تاوەکو گەرەنتی ئەوە بکرێت لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بێبەش نەبن.”

بەگوێرەی وەڵامی کۆمیسیۆن بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، “بەپێی پێوەری جیهانی، ئەو رێژەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرە “سرووشتییە”، نەوەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق لەنێوان 9% بۆ 15%ی دەنگدەران پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە؛ هەروەها یاسای هەڵبژاردنیش رێگە دەدات 5%ی ئەوانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە دەنگ بدەن و کۆمسیۆنیش بەوەوە پابەندە.”

سەبارەت بە ژمارەی کورسی بازنەی چوارەمی هەڵبژاردن، کە پارێزگای هەڵەبجەیە و داوای زیادکردنی کرابوو، کۆمیسیۆن وەڵامی ئەوە بووە کە “لە رێگەی پێداچوونەوە بە داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە بازنەی پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردن و بەگوێرەی سنووری کارگێڕی، کە بۆی کێشراوە، 79 هەزار و 920 دەنگدەر تۆمار کراون، کە پێنج ناوەندی تۆمارکردن لەخۆدەگرێت. پاڵپشت بە یاسای هەڵبژادن و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، پێویستە کورسی بازنەی هەڵبژاردن سێ کورسی بێت لەگەڵ گەرەنتی نوێنەرایەتیی ژنان لەو بازنەیەدا. دەبێت تەنیا خەڵکی ئەو ناوچەیە لەو بازنەیە دەنگبدەن و بەربژێرەکانیش خەڵکی هەمان ناوچە بن. بۆیە دیاریکردنی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژادنی هەڵەبجە بەپێی یاسای هەڵبژاردن و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بووە. دەشکرێت بڕیارەکانی دەستەی کۆمیسیارانی هەڵبژاردن لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانەی لێبدرێت.”

سەبارەت بە بابەتی ئەوەی تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەستەی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بێت، وەڵامی کۆمیسیۆن ئەوە بووە، “لیژنەی ناوەندی وەزاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردن لە عێراق پێکهێندراوە و لە 17ی ئاداری 2024 لە هەرێمی کوردستان دەستی بەکارەکانی کردووە. هەرچی تایبەتە بە کارمەندی پسپۆڕی تەکنەلۆژیای زانیارییەکان، ئەوە کۆمیسیۆن کارمەندی تەکنیکی خۆی لە هەموو پێکهاتەکان هەیە و دەتوانن ئەرک و کاری تەکنەکۆژیا تایبەت بە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. لیژنەی ناوەندییش ئەندامی کوردی تێدایە کە دوو ئەندامن و لە لیژنە لاوەکییەکانی دیکەش رەچاوی دانانی ئەندامانی کورد دەکرێت.”

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بە وەڵامی داواکارییەکەی دیکە کرد و گوتی، “دوای 24 کاژێر لە دەنگدان، ئەنجامی بەرایی رادەگەیێندرێت لەسەر ئاستی پارت و بەربژێرەکان و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە؛ دوای 72 کاژێریش ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی وێستگەکان رادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە؛ دوای 7 رۆژیش ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت وێنە و راپۆرتی خۆیان لەبارەی کارتی دەنگدان بدەن.”

سەبارەت بەوەی پێویستە نوێنەری هەرێمی کوردستان تایبەت بە تەکنەلۆژیای زانیاریی هەڵبژاردن لە ناوەندی تەکنیکی هەبێت، جومانە غەلای دەڵێت، ئەوە کۆمپانیایەکی پشکنین لە کۆمیسیۆن هەیە و پشکنین بۆ ئامێرەکان دەکات؛ لیژنەیەکی تەکنیکی لەسەر ئاستی باڵا هەیە کە بەدواداچوون بۆ کۆمپانیای پشکنینکار دەکات و دوو ئەندامی لیژنەکە لە هەرێمی کوردستان دەبن کە پسپۆڕییان تەکنەلۆژیای زانیاری دەبێت.

دڵخوازەكانتان