مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرجدەکرێت’ و بەغدا دەست بە رێکاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 3 دەکات

هەرچەندە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە بایۆمەتریی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی عێراقە، کەچی وەزیرەکەی هەرجارەو بە بیانوویەک خەرجکردنی مووچەکانیان دوادەخات؛ دوایین قسەی ئەوە بووە، لە دوو رۆژی داهاتوودا واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچەکانیان دەکات. بۆ مووچەی مانگی سێیش بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی بکرێت.

ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، “لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکرێت، بێگومان لەسەر ئەوە بانگی وەزیری داراییمان کرد، تەنانەت وەزیری دارایی خۆی، هەروەها ئەنجوومەنی راژە ناوی سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیان لانییە. من پرسیارم لە ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی کرد کە ئایا ناوی دەزگای هەواڵگری، دژەتیرۆر، بەرپەرچدانەوەی خێرا، حەشدی شەعبی ناوەکانیانتان لایە؟ ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی گوتی، نە بەخوا ناویانمان لانییە، ئەوان لیست و بەیاناتی خۆیان نادەن، بۆیە ئەمەی ئێستا هەیە وادیارە کە گوشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکو مووچە دابەش نەکرێت و دۆخی سیاسی تێکبدەن، لەوە زیاتر شتێکی دیکە نییە.”

هەر سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، تیمێکی پرۆژەی “هەژماری من” لە بەغدان، لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و پاشان فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، ئامانجیان خستنەڕووی پلان و بەرنامە و کاری “هەژماری من” بوو، کە دەیانەوێت بەغدا رازی بکەن لەو رێگەیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بدەن.

دڵخوازەكانتان