یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن و دەریچەیەک بۆ گرفتەکانی ئێستا
سالار عوسمان
هەر شازدە ڕۆژێک تێپەڕی بوو بەسەر ڕاپەڕینی ساڵی 1991، ڕابەرێک لە نێو گەلەکەیدا، پێ بە پێ و سەرکەوتن دوای سەرکەوتن لەگەڵ جەماوەری ئازادیخواز و پێشمەرگەی هەڵمەتبەر، لە شاری کۆیە گوتارێکی یەکلاکەرەوەی مێژوویی پێشکەش کرد و بە هەمووانی گوت: (قۆناغی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی کۆتایی هات و پێویستە بەرەو شەرعیەتی یاسایی هەنگاو بنێین، پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و جەماوەری کوردستان و گەلی کورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات)*.
ئەم گوتارە هی سەرۆک مەسعود بارزانی ـ یە، ئەم ڕوانگەیە هی ئەو ڕابەرەیه، کە بە داڕێژەری هەڵبژاردن دادەندرێت لە کوردستان و، زۆر جاری تریش گوتوومە: ئەم گوتارەی بارزانی یەکەمین مانیڤێستی دیموکراسیی دوای ڕاپەڕینە، کە پەرلەمانی لێ ڕسکا و حکوومەتی کوردستانی لێ هاتە بەرهەم و ئازادیی سیاسی کردە هەقیقەت.
با بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕۆژە: ( 22 ی ئاداری ساڵی 1991) و بپرسین:
ـ بارزانی چی گوت و چی کرد؟
ـ ئەم گوتارە ناوبڕێکی مێژوویی لە نێوان دوو زەمەندا کێشا، زەمەنی شۆڕشگێڕی و زەمەنی یاسایی. کە هی یەکەم هی بژاردەیەک لە تێکۆشەرانە و هی دووەم هی هەموو گەلی کوردستانە بە تێکۆشەرەکانیشیەوە، بارزانی بۆ ئەوەی کرد و ئەو ناوبڕە مێژووییەی بۆ کێشا؟.
ـ لەبەرچی دەبوا هەرچی زووە هەڵبژاردن بکەین؟
ـ ئەم وردبینی و دووربینییەی سەرۆک بارزانی لە چییەوە سەرچاوەی گرتبوو؟.
ـ هەڵبژاردن چۆن بەڕێوەچوو و کێ زۆرترین دەنگی هێنا؟
ـ گرفتەکانی ئەوکات چی بوون و چۆن چارەسەر کرا؟
ـ کێ لە پێناو گەل و بەرژەوەندییە باڵاکان وازی لە دەنگەکانی خۆی هێنا و کێیش پتر لە هەقی خۆی داوا کرد و بۆچی؟.
ـ پەنجا بە پەنجا چارەسەر بوو، یان بوو بە گرفت؟
ـ ئایا دوای سی و سێ ساڵ کاتی ئەوە نەهاتووە هەندێ ڕاشکاوتر و نیشتمانیانەتر گفتوگۆی یەکتر بکەین و بەیەکتر بڵێین، لە کوێ ڕاستمان کردووە و لە کوێ هەڵە؟.
ـ ڕۆشنبیران چییان کرد و چییان دووریەوە؟
ـ ئەرێ بەڕاست ئەو دەنگەدەنگە سیاسییە ڕقنە چی لێ بەرهەم هات، کە بەشێک لە بژاردەی سیاسیی کوردی ئومێدیان لەسەر هەڵچنی؟
ـ شەقام، ئەو چەمکە سیاسییەی، کە غەدری لێکرا و هیچی بۆ نەکرا، ئێستا لە کوێیە و چی بەسەرهات؟!.
ـ هەموو ئەو دژایەتی و شەڕانەی بە سەرۆک بارزانی، بە هەرێمی کوردستان، بە حکوومەت و گەلەکەی دەفرۆشرێت، هۆکارەکانی چین و، مەرەم چییە؟
ـ خەڵک لە نێوخۆ و، دونیا لە دەرەوە چۆن سەیرمان دەکەن و، ئایا لە هەڵبژاردنەکانی دادێ دەنگدەر هەڵوێستی چۆن دەبێت؟.
ـ چۆن فێربین گفتوگۆ بکەین، ڕەخنە بگرین و هەڵوێست بنوێنین، بەڵام درۆ بۆ یەکتر هەڵنەبەستین و یەکتر ناشیرین نەکەین و لە گفتوگۆکاندا مەبەستمان چارەسەر بێت نەک ئازاردانی یەکتر و نانەوەی فیتنە؟
ـ میدیای کوردی سەری خسۆتە نێو پۆپۆلیزمەوە، ئەم پۆپۆلیزمە چی لە بەهاکان دەکات و بەرەو کوێمان دەبات؟
ـ چی بکەین باشە و دەریچە و چارەسەر چییە؟.
هەموو ئەم پرسیارانە و هی تریش، لەبەر ڕۆشنایی و خوێندنەوەی ئەم گوتارەی سەرۆک مەسعود بارزانی وەڵام دەدەمەوە، کە بەر لە سی و سێ ساڵ لە کۆیە پێشکەشی کرد، گوتارێک، کە بۆ ئەوکات و ئێستایش هەر نەخشەڕێگەی ڕۆشن و چارەسەرئامێزە.
——————
- مەسعود بارزانی : بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریحوازی کورد، بەرکی پێنجەم ـ ڕاپەڕین، دەسکەوت و ئاستەنگەکان، چاپی یەکەم/حوزەیریانی ٢٠٢٢، لاپەڕە ٧٠