ئاری نانه‌كه‌لی: دوو ساڵه یه‌كێتی ناهێڵن هه‌ڵبژاردن بکرێ، پاش پەنابردنە بەر خەڵک، تازە باسی هەڵبژاردن دەکەن

ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ڵامی راگه‌یاندراوی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “دوو ساڵه‌ رێگر بوون له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، خۆتان و پاشكۆكانتان قسه‌یان نه‌كردووه‌، پاش پەنابردنە بەر خەڵک، تازە باسی هەڵبژاردن دەکەن!“

ئاری نانه‌كه‌لی، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی، دەلێت:” “راگه‌یه‌نراوی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بۆ ئێمه‌ جێگای پرسیار بوو، یه‌كێتی ئه‌گه‌ر بیویستایه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت، چ پێویستی به‌وه‌ بوو چووه‌ دادگای فیدراڵ و تانه‌ی له ‌یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان دا؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن بوایه‌ ده‌بوو ئه‌و رۆژه‌ی پارتی ده‌نگدانی بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیۆنی هێنایه‌ په‌رله‌مان، ده‌نگیان پێبدایه‌ و ئێستا هه‌ڵبژاردن كرابوو و په‌رله‌مانیش كاری خۆی ده‌كرد، چونكه‌ پارتی ده‌یزانی له‌ پشت رێگرییه‌كانی یه‌كێتی پیلانێك هه‌یه،‌ بۆیه‌ له‌وكاته‌وه‌ گومانمان هه‌بوو له‌وه‌ی یه‌كێتی بیه‌وێت هه‌ڵبژادنێكی پاك و بێگه‌رد له‌ كوردستاندا بكات.”

گوتیشی: ”یه‌كێتی له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ دادگای فیدراڵی و كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا و ئێران هه‌موو هه‌وڵێكیان دا له‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و دەیانەوێ له‌ رێگای ئه‌و دادگایەوە شه‌رعییه‌تی كوردستان لاواز بكه‌ن و ئینجا‌ به ‌كۆمسیۆنی خۆیان و به‌ كارمه‌ند و ئامێری دەنگدانی بن دەستی خۆیان، هەڵبژاردنێک بکەن کە لە ئێستاوە ئەنجامەکانیان بۆ دانراوە، پارتی ئەودیوی خوێندووه‌ته‌وه‌.“

نانەكەلی راشیگه‌یاند: ”به‌ چ هه‌قێك 11 كورسیی كۆتا له‌ كوردستان به‌ناده‌ستووری له ‌دادگای فیدراڵییه‌وه‌ لابراوه‌؟ به ‌چ هه‌قێك دادگای فیدراڵی ده‌ستوه‌رده‌داته‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان و كوردستان ده‌كاته‌ چه‌ند بازنه‌یه‌ك،؟ پارتی باش ده‌زانێت، كه‌ هاوكێشه‌ی هه‌رێمایه‌تی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی باڵانسی یه‌كێتی له ‌هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌نگی ساخته‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌. ئه‌سڵه‌ن پێشوه‌خته‌ دابه‌شكاریی كورسییەكان كراوه، كە‌ بۆ فڵانه‌ حزب ئه‌وه‌نده‌ كورسی و بۆ ئه‌و حزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ كورسی، پارتیش ئه‌مه‌ قبووڵ ناكات، یان ده‌ست هه‌ڵبگیرێت له‌و پیلانگێڕییه‌، یان ده‌بێت بێنه‌وه‌ سه‌ر رێڕه‌وی راست. یه‌كێتی به ‌پشتیوانیی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و گرووپ و كلكه‌كانی له ‌به‌غدا و هاوپه‌یمانه‌ ساخته‌كانی له‌ كوردستان، ناتوانێت یاریی له‌گه‌ڵ پارتیدا بكات.“

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: ”یەکێتی بەم دۆخە شەرم ناکات؟ ترسیان لێ نیشتووە و پەنایان بردووەتە بەر خەڵک و وڵاتانی دیكە تا دەستکاریی ئەنجامی هەڵبژاردنیان بۆ بکەن! هێشتا روویان هەیە قسە بکەن!؟“

دڵخوازەكانتان