مەحموود حەفیدزادە: هەنگاوەكانی دادگای فیدڕاڵی پیلانگێڕییەکی دوژمنکارانەیە
”چێژ لە هیچ مافێک نابینین کە بە زەلیلی دەستمان بکەوێت“
نەوەیەكی شێخ مەحموودی حەفید هەڵوێست بەرامبەر بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق وەردەگرێت و بە پیلانگێڕییەكی دوژمنكارانە لە دژی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی وەسفی دەكات. هاوكات داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات، وانە لە مێژوو وەربگرێت و بزانێت هەرگیز گەلی كوردستان ئیرادەی ناشكێت.
مەحموود حەفیدزادە، نەوەی شێخ مەحموودی مەلیكی كوردستان، لە نووسینێكدا بە ناونیشانی (سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی) كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”نكۆڵی لەوە ناكرێت كە مووچەخۆرانی ئازیز وەك مافێكی سرووشتی و شەرعی و یاسایی، چاویان لەوە بێت لە كاتی خۆیدا مووچەكانیان وەربگرن. ئەمە بابەتێكە (ماف)ە و هیچ تێبینی و گفتوگۆیەك لەخۆ ناگرێت، من من پاڵپشتیی لەو ماف و خواستە دەکەم کە ئێستا مووچەخۆرانی ئازیز داکۆکی لێدەکەن، بەڵام ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەوەیە كە دەبێت هۆشیار بین، کورد گوتەنی دوور بڕوانین تاکوو سەرئەنجام پەشیمان نەبینەوە، چونكە ئەوکات پەشیمانی دادمان نادات. ئێمەی کورد کەممان خوێن نەڕشتوە بۆ ئازادیی خاکەکەمان، بڕوا ناکەم هیچ خانەوادەیەک هەبێت قوربانیی بۆ ئازادی و بەختەوەریی ئەم کوردستانە نەدابێت، پەرلەمان و حکوومەتی کوردستانیش بە خوێن و خەباتێکی لەڕادەبەدەری گەلەکەمان هاتە بەرهەم.“
ئەو نەوەیەی شێخ مەحموود دەڵێ: ”ڕاستە کەمتەرخەمی و کەموکوڕی و جیاوازی و نادادپەروەری و نایەکسانی و.. هتد هەن، بەڵام قەوارەیەکی سیاسیی دەستووریمان هەیە كە دەکرێت چاکی بکەین و پێشی بخەین، دەتوانین بە ئیرادە و یەکگرتووییمان زاڵبین بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا، نابێت نائومێد بین و ورە بەربدەین. میللەتی هۆشیار گۆڕانکاریی مەزن دروست دەکات، ئیرادەی گەل دەتوانێت وەرچەرخان بخولقێنێ بە ئاراستەی سەرفرازی و سەرکەوتن، بەڵام کاتێک ئیرادە لاوازبوو، ئازادی دەکەوێتە مەترسی و شکۆی خاک و نیشتمان تێکدەشکێت و سەروەری و کەرامەتی نەتەوەش لەدەست دەدەین، ئەوکات هیج شتێک مانای نامێنێت و چێژ لە هیچ مافێکیش نابینین کە بە زەلیلی دەستمان بکەوێت.“
مەحموود حەفیدزادە لە نووسینەكەیدا لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی راشكاوانە ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەوەی تێبینی دەکرێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە، کە ئێستا وەک ئەلتەرناتیڤی حکوومەتی عێراق خۆی نمایش دەکات و سەلماندوە، قسەکە لێرەدا تەنها مووچە نییە، وەکوو گوتمان ئەوە مافە و خێر و سەدەقە نییە و دەبێت بدرێت، بەڵام ئەو هەنگاوانەی دادگاکە پیلانگێڕییەکی دوژمنکارانەیە و ناکرێت هەروا بە سادەیی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.“
لە كۆتاییشدا دووپاتی كردۆتەوە: ”ئەوەی دیارە بە ئاشکرا و بە کردەوە کار بۆ لەباربردنی ئازادی و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکات، فەرزی سیاسەتی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر گەل و هەرێمی کوردستاندا وەک گشت پارێزگاکانی عێراق، ئامانج و ستراتیژ و ئەجێندای دادگاکەیە. ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق ئێستا هۆشیارانه هەڵسوکەوت بکات و لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حکوومەت و گەلی کوردستاندا بکات. هەموو مافەکانی گەلەکەمان کە لە دەستوردا جێگیر کراون جێبەجێ بکات، وانەیەکیش لە مێژوو وەربگرێت و بزانێت هەرگیز گەلی کوردستان ئیرادەی ناشکێت و خۆی ڕادەستی ملکەچبوون و پاشکۆیەتی ناکات.“