ئەمڕۆ ساڵیادی لەدایکبوونی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازى گەلی كوردستان مەلا مستەفا بارزانی نه‌مره‌


له‌ 14ى ئادارى 1903 و له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ بارزانى نه‌مر باوكى نه‌ته‌وه‌ى كوردو سه‌ركرده‌ى بزافى رزگاریخوازى كوردستان هاته‌ ژیانه‌وه‌و دواتر پاش ئه‌وه‌ى زیاترله‌ نیو سه‌ده‌ ژیانى خۆى بۆ خه‌بات و تێكۆشان و رزگارى كوردستان و ئازادى گه‌له‌كه‌ى ته‌رخان كرد، پاش كۆچیشى له‌ناو گه‌له‌كه‌ى و له‌ یاده‌وه‌رى شۆڕشگێران و ئازادیخواهانى جیهاندا به‌نه‌مرى مایه‌وه‌.

رۆژى 14ى ئادار له‌ مێژووى كوردستان و جیهاندا به‌گشتى و كوردستان به‌تایبه‌تى شوێنێكى تایبه‌تى هه‌یه‌و هه‌موو ساڵێك خه‌ڵكى كوردستان به‌جیاوازى بیروڕاو نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌وه‌ چه‌ندین رێوڕه‌سمى جۆراو جۆر به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن هه‌ر بۆیه‌ ئه‌نجوومه‌نى نیشتیمانى كوردستانیش ئه‌و رۆژه‌ى كردۆته‌ پشووى فه‌رمی.

مسته‌فا بارزانى نه‌مر ئه‌ندامى ماڵباتێك بووه‌ كه‌ له‌ مێژودا پێگه‌و شوێنێكى ئاینى و نیشتیمانى مه‌زنیان هه‌بووه‌، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ى له‌ رۆژێكى وه‌كو  ئه‌مڕۆدا بارزانى هاتۆته‌ ژیانه‌وه‌ چاوى به‌ ئازارو ژانى میلله‌ته‌كه‌ى و نه‌به‌ردى و نه‌سره‌وتنى پیاوه‌ مه‌زنه‌كانى ماڵباته‌كه‌ى هه‌ڵهێناوه‌، و له‌ ته‌مه‌نێكى زووه‌وه‌و ئه‌وكاته‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى وه‌كو شێخ عه‌بدوولسه‌لامى بارزانى سه‌ركردایه‌تى بزافى رزگاریخوازى كوردى كردووه‌ مسته‌فا بارزانى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ماڵباته‌كه‌یدا زیندانی كراوه‌.

ئه‌وكاته‌شى شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى سه‌ركردایه‌تى گرتۆته‌ ده‌ست و له‌ پێناوى ئازادى كوردستاندا درێژه‌ى به‌ خه‌بات و تێكۆشان داوه‌ ئه‌وه‌بوو له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تى مسته‌فا بارزانى نه‌مردا ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ى ره‌وانه‌ى كوردستانى توركیا كردو له‌وێ بارزانى نه‌مر به‌ مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگى چاوى به‌ شێخ عه‌بدولقادرى نه‌هرى و شێخ سه‌عیدى پیران كه‌وتووه‌، كاتێكیش له‌ مایسى 1919 شێخ مه‌حمودى حه‌فید له‌ ناوچه‌كانى سلێمانى شۆڕشى به‌رپا كرد مسته‌فا بارزانى نه‌مر سه‌ركردایه‌تى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كرد كه‌ به‌مه‌به‌ستى هاریكارى كردنى شێخ به‌ره‌و سلێمانى چوون.

دواتر له‌ شۆڕشه‌كانى ساڵانى 1932دا بارزانى رۆڵێكى فه‌رمانده‌ى دیارى هه‌بووه‌و دواتر سه‌ركردایه‌تى شۆڕشه‌كانى ساڵانى 1943 و 1945ى كردووه‌، دواتریش له‌ كۆمارى دیموكرات له‌ مه‌هاباد رۆڵێكى جوامێرانه‌ى هه‌بوو كاتێك به‌مه‌به‌ستى پاڵپشتى كردن له‌ كۆمارى  كوردستان له‌ مه‌هاباد پێشمه‌رگه‌كانى شۆڕشى ساڵى 1945ى هه‌رێمی كوردستانى   برده‌ كوردستانى ئێرانه‌وه‌.

بارزانى نه‌مر سه‌ركرده‌ى یه‌كێك له‌و رێڕۆیشتنه‌ مه‌زنانه‌یه‌ كه‌ له‌ مێژووى خه‌باتى ئازادی خوازاندا به‌ رێڕۆیشتنى مێژووى په‌ڕینه‌وه‌ له‌ رووبارى ئاراس ناسراوه‌، پاش په‌رینه‌وه‌ش له‌ ئاراس و گه‌یشتن به‌ یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جاران بارزانى نه‌مر به‌ یاوه‌رى 500 پێشمه‌رگه‌ بۆ ماوه‌ى  زیاتر له‌ 11 ساڵ له‌ یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جاران مایه‌وه‌.

بارزانى نه‌مر له‌ 11ى ئه‌یلولى 1961 مه‌زنترین شۆڕشى كوردستانى  له‌سه‌ده‌ى بیسته‌مدا به‌رپاكردو توانى رژیمى به‌عس ناچار بكات دان به‌ مافه‌ ره‌واكانى گه‌لى كوردستاندا بنێت و به‌وه‌ش بزافى رزگاریخوازى كوردستانى برده‌ قۆناغێكى نوێوه‌، له‌ مێژووى كوردستان و ناوچه‌كه‌و جیهانیشدا بارزانى نه‌مر كاریگه‌رییه‌كى مه‌زنى داناوه‌و له‌ دروست كردنى مێژووى سیاسى عێراق و ناوچه‌كه‌و بگره‌ جیهانیشدا به‌شدار بووه‌ هه‌ربۆیه‌ ناوى به‌ زیندوویى و یادو رێبازه‌كه‌ى و خه‌بات و ژیانى ئه‌و به‌ نه‌مرى ده‌مێنێته‌وه‌.

دڵخوازەكانتان