تۆمارکردنی بەربژێری حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد

ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن. ئەمڕۆ دەرگەی خۆتۆمارکردن بۆ بەربژێرانی حیزبەکان کرایەوە و سبەی تۆمارکردنی سەربەخۆکان و هاوپەیمانییەکانیش کۆتایی دێت.

سبەی پێنجشەممە 14ی ئادار دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکان و داواکردنی بەربژێربوون بە شێوەی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی “ئەمڕۆ دەرگەی تۆمارکردن بۆ بەربژێری حیزبەکان کرایەوە؛ هەموو حیزبێک دەتوانێت سەردانی لقەکانی کۆمیسیۆن بکات و پێداویستی و رێنوێنییەکانی تۆمارکردنی لیستی بەربژێرەکانی وەربگرێت.”

هەر حیزبێک لە کۆمیسیۆن پێداویستییەکانی وەرگرت، دوایین کات بۆ پڕکردنەوە و گەڕاندنەوەی بۆ کۆمیسیۆن، 22ی ئاداری 2024 دەبێت. ئەوانەی دەیانەوێت وەکو بەربژێری سەربەخۆ رکابەریی بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان بکەن، دوایین رۆژ بۆ داواکاری سبەی 14ی ئادارە.

خالید عەباس دەڵێت، “سەربەخۆکان تاوەکو سبەی دەتوانن داخوازیی بەربژێربوون پێشکێش بکەن؛ لە 15ی مانگەوە پەیوەندییان پێوەدەکرێت و بەڵگەنامەیان لێ وەردەگیرێت و بە فەرمی تۆمار دەکرێن.”

بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکانیش سبەی 14ی مانگ دوایین رۆژە. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ هیچ هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار نەکراوە.

تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری درێژکردنەوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و خواستی بەربژێربوونی سەربەخۆ نەدراوە و دیار نییە کاتەکە درێژ دەکرێتەوە یان نا.

مەرجی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و بەربژێرەکان

– هەر هاوپەیمانیێتییەک دەبێت شەش ملیۆن دینار بدات؛ نابێت پارتێک لە بازنەیەکی دیاریکراو لە یەک کاتدا وەک هاوپەیمانێتی و وەک پارتیش بەشدار بێت.

– دەبێت بەربژێر 25 ساڵی تەواو کردبێت، تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەرانی کردبێت و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بێت خۆی تێدا بەربژێر دەکات و بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزا نەدرابێت.

– هەر هاوپەیمانێتییەک کە پێشتر تۆمار کراوە و بیەوێت ناوەکەی بگۆڕێت، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدات.

– دوو حیزبی سیاسی یان زیاتر دەتوانن هاوپەیمانێتی پێکبهێنن بۆ هەڵبژاردن.

– نابێت پارتێکی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتییەک لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن بە جیا و لە دەرەوەی هاوپەیمانیێتییەکە بەشداری بکات.

ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لە کاتێکدان، 3ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوئاهەنگی ئێمە بووە. کاتەکە گونجاوە و بێ کێشە لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت.”

لە خوولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان 111 کورسیی هەبوو کە 11یان کۆتای پێکهاتەکان بوون.

لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ی شووباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە “نادەستووری” پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.

هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.

100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:

سلێمانی 38 کورسی 

هەولێر 34 کورسی 

دهۆک 25 کورسی 

هەڵەبجە 3 کورسی

دڵخوازەكانتان