سەرۆک بارزانی: گەلی كوردستان لەڕێگەی چەسپاندنی دۆزە ڕەواكەیدا لە خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت
سەرۆك مەسعود بارزانی، لە 54ەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداردا پەیامێكی بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دەدات: “لە 54مین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداردا، جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە.”
ئەمڕۆ دووشەممە 11/3/2024، سەرۆك بارزانی، لە 54ەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداردا پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: “ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی كوردستان بوو لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریی دەستەڵاتدارانی عێراق، بەرهەمی ئەو خەباتە تۆكمەیە بوو كە لەپێناو گەڕاندنەوەی ماف و مسۆگەركردنی دیموكراسی و شەراكەت و پێكەوەژیان دەستی پێكرد و حكوومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.”
سەرۆك بارزانی هەروەها ئەوەی خستووەتە ڕوو: “لە 54مین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداردا، جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە، ئەوەش دووپات دەكەینەوە، كە گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافەكانی، قوربانییەكی بێهەژماری داوە و لە ڕێگەی چەسپاندنی دۆزە ڕەواكەیدا، لە خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت.”