مەسروور بارزانی: خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری
مەسروور بارزانی لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئادار، دەڵێت، “خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی”.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.
شۆڕش و خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکوومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. بە تایبەتی ڕێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.
بەڵام دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن.
لەم یادەدا، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.