وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان: بۆچوونه‌كانی دادگای فیدڕالی هیچ قورساییه‌كی یاساییان نییه‌

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی سۆمۆی دایه‌وه‌ كه‌دژی گرێبه‌سته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاڕاسته‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كردبوو كه‌ وه‌به‌رهێنانی له‌ كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێ، نامه‌كه‌ی سۆمۆ به‌شێكه‌ له‌ یارییه‌كی سیاسی و شتێكیش نییه‌ به‌ناوی دادگای فیدڕالی.

شه‌وی 26/8/2022، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی په‌یام و هه‌ڕه‌شه‌ و فشاره‌كانی سۆمۆ بۆ سه‌ر كرتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ تێیدا هاتووه‌، “نامەکەی سۆمۆ دڵۆپەیەکی دیکەیە لە جۆگەلەیەکی پڕ لە زانیاریی هەڵە کە سۆمۆ وەک بەشێک لە یارییەکی سیاسی بڵاویدەکاتەوە؛ شەڕێک کە هەندێک لە پارتە سیاسییەکان لە بەغدا بەکاری دەهێنن بۆ لێدان لە دەستووریی فیدراڵیی عێراق. هەروەها ئامانج لە نامەکە بریتییە لە لاوازکردنی ئەو دیالۆگە نیازپاکییە بەردەوامەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییدا هەیە. ئامانج لەو دیالۆگە بریتییە لە هەبوونی پلانێک بۆ بەڕێوەبردنێکی هاوبەشی سەرچاوه‌ و داهاتی وزەی عێراق، بە پشتبەستن بە دەستووری فیدراڵی”.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاشكراشی كردووه‌، “نامەکەی سۆمۆ پشت بە بۆچوونی ژمارەیەک پارێزەر دەبەستێت کە گوایە لە “دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق”ن، “بەڵام عێراق دادگەی باڵای فیدراڵیی نییە و هیچ بڕیارێکی ئیلزامیشی نییە، چونکە ئەو دادگەیە تاوەکو ئێستاش بە گوێرەی دەستوور دروستنەکراوە. هەربۆیە ئەو دادگەیەی بەغدا بریتی نییە لە دادگەی باڵای فیدراڵی و بۆچوونی ئەندامەکانیشی هیچ قورساییەکی یاسایی لە عێراق و هیچ شوێنێکی دیکەدا نییە. قسەکردن و پیشاندانی دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە، هەروەک چۆن سۆمۆ و ئەوانی دیکە لە بەغدا دەیکەن، تەنیا فریودانە؛ فریودانێک کە لێدانە لە دەستووری فیدراڵی و هەڕەشە لە کۆماری عێراقیش دەکات. ئەم هێرشە سیاسییە بۆسەر دەستووری فیدراڵی لە ویستێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیەوێت عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ بەهێزکردنی ناوەند”.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كاندا باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌ : “نە سۆمۆ و نە هیچ گوتەبێژێکی دیکە لە عێراق هەوڵی نەداوە رەوایەتی بداتە دادگەی بەناو دەستووری باڵای فیدراڵی. هۆکارەکەی ئەوەیە کە روونە دادگەکە نادەستوورییە. لە عێراق بەم ناتەواوبوونییە دەزانرێت، بەڵام دەکرێت خەڵکی کەمتر لە دەرەوەی عێراق لێی تێبگەن. بەلەبەرچاوگرتنی لاوازیی زۆری دامەزراوەکانی بەغدا و لاوازی ئارگیومێنتەکانی بەغدا، روونە کە ستراتیژیی بەغدا بریتییە لە دروستکردنی چیرۆکێک بۆ دروستکردنی نادڵنیایی بازاڕ لە دەرەوەی عێراق، بەڵام لەو بابەتەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. دەبێت هەموو لایەک بەو جۆرە لە راگەیێندراو و هەڕەشەکانی بەغدا تێبگات و رەتبکرێنەوە. راستییەکە زۆر بە روونی لە دەستووری فیدراڵییدا هەیە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، “ماددەی 92ی دەستووری عێراق داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی دەنگ بە یاسایەک بدەن بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بڕیار لە کارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بدات. تاوەکو ئێستا ئەو یاسایە دەرنەکراوە و هەربۆیە عێراق خاوەنی دادگەیەکی باڵای فیدراڵی نییە کە پشت بە دەستوور ببەستێت. ئەو گرووپە پارێزەرەش کە بۆچوونەکەی 15ی شوباتی ساڵی 2022یان دەربڕی هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە ئەو کارە بکات”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، ده‌ڵێ: “حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی قبووڵ نەکردووە و بێخەمیش دانەنیشتووە. رۆژی 15ی شوباتی 2022، واتە ئەو رۆژەی کە دادگەی بەناو باڵای فیدراڵی بڕیارەکەی دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بڕیارەکەی بە نادادپەروەرانە، نادەستووری و نایاسایی ناوبرد. رۆژی 28ی شوباتی 2022ش راگەیێندراوێکی هاوبەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە. راگەیێندراوەکە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی کرا. ئەو راگەیێندراوە بەو جۆرە باسی لە بڕیارەکەی بەناوی دادگەی باڵای فیدراڵی کرد کە نادەستوورییە و داوای دامەزراندنی دادگەیەکی باڵای فیدراڵیی یاسایی پشتبەستوو بە ماددەی 92ی دەستووری کرد. لە مانگی ئاداریشدا راگەیێندراوی هاوشێوە بڵاوکرانەوە”.

دڵخوازەكانتان