ئه‌مڕۆ رۆژی جلوبەرگی نەتەوەییه‌

 ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی3ی2024، ھاووڵاتیان لەپێكھاتە جیاوازەكان بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان دەچنە فەرمانگەكان و ئەم رۆژە بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی بەڕێدەكەن.

رۆژی 10ی ئاداری هەموو ساڵێك رۆژی جلوبەرگی نەتەوەییە لە هەرێمی كوردستان و پێكهاتە جیاوازەكان جلوبەرگی تایبەت بە نەتەوەی خۆیان دەپۆشن و بەگوڵ و شیرینی پیرۆزبایی لە یەكتر دەكەن. 

جلوبەرگ یەكێكە ‌لە هێما سەرەكییەكانی ناسنامەی نەتەوەیی و گەلان و نەتەوەكان لێك جیا دەكاتەوە.  لە هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئادار وەك رۆژی جل و به‌رگی نەتەوەیی دیاری كراوە ‌و هاووڵاتییان لەو رۆژەدا جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان دەپۆشن.

جلوبەرگی کوردیش بەپێی ناوچەکان شێوازی دیزایین و دوورینەکەی دەگۆڕێت، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمیش گۆڕانکاری لە مۆدێلەکانی جلوبەرگی رەسەنی کوردەوایدا کراوە، بەڵام هێشتا رەسەنایەتی و مۆرکی خۆی ون نەکردووە و بە یەکێک لە جلوبەرگە نەتەوەییە جوانەکانیش دادەنرێت بەهۆی ئەو رەنگاوڕەنگی و شێوازە تایبەتەی کە هەیەتی بەتایبەت جلوبەرگی کوردی خانمان.

دڵخوازەكانتان