حکومەتی عێراق بە بۆنەی رەمەزانەوە قیستی سەر فەرمانبەرانی دوادەخات

محەممەد شیاع سوودانی بە بۆنەی مانگی رەمەزانەوە بڕیاریدا وەرگرتنەوەی قیستی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان دوابخرێت و سەبەتەی خۆراکیش باشتر بکرێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 5ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەممەد شیاع سوودانی بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە چەند بڕیارێکی دەرکردووە.

ئەمانەی خوارەوە بڕیارەکانن:

یەکەم: بەهێزکردنی رێکارەکان لەلایەن وەزارەتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵەوە بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت.

دووەم: باشترکردنی سەبەتەی خۆراک بە زیادکردنی مادەی دیکەی خۆراکی، ئەوەش بۆ سووککردنی باری سەرشانی خەڵک.

سێیەم: راگرتنی بڕین لە سولفەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ یەک مانگ.

چوارەم: گرنگیدان بە خواردنی هێزە چەکدارەکانمان؛ هەروەها فەرماندە و بەرپرسانی یەکە سەربازی و ئەمنییەکان لە سرووتەکانی مانگی رەمەزان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانمان بەشدار دەبن.

پێنجەم: هەموو فەرمانگەکانی دەوڵەت بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکانی خەڵوەتگەی پیری دەکەن، چاودێری تەواویان دەکەن و پێداویستییەکانیان دابین دەکەن.

شەشەم: داوا لە کەرتی تایبەت و دامەزراوە ئابووری و بازرگانییەکان دەکەین، لە رێگەی پشتیوانیی خەڵک و پێشکێشکردنی ئاسانکاری لە ماوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا بارگرانی سەر شانی چینی هەژار کەمبکەنەوە.

دوای ئەم بڕیارانە، بانکی رافیدەین کە بانکێکی حکومییە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “پاڵپشت بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە رایدەگەیێنین کە وەرگرتنەوەی قستی مانگانەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی رەمەزان دوادەخەین. دواخستنەکەش تەنیا بۆ یەک مانگە”.

دڵخوازەكانتان