پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئەمەش دەقەكەیەتی ..
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.
ڕاپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا. خرۆشانی خەڵك دژی دامودەزگەی ستەمكار و داگیركار پەیامێكی زۆر ڕوون بوو كە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی كوردستانیدا هەبووە و دەشمێنێ.
دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە  دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین 
و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان
مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2024

دڵخوازەكانتان