33 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان دا تێپەڕدەبێت
لە 5/3/1991 یەكەمین كڵپەی راپەرین لە شاری رانییەوە دەستی پێكرد. لەو رۆژەدا خەڵك و جەماوەر بە پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان شاری رانییەو دەوروبەرییان رزگار كرد و تەواوی داموودەزگا داپڵۆَسێنەرو مۆڵگە سەربازییەكانی رژێمی بەعسی فاشیان تێك و پێك دا و لەوێوە هەڵمەتی جەماوەرو پێشمەرگە شار و شارۆچكە و ناوچەكانی تری كوردستانی گرتووە، راپەڕینی پیرۆزی ئاداری نەوەد و یەك بە یەكێك لە رۆژە دیرۆكی و كاریگەرەكانی مێژوی كورد لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا دادەنرێت، بەرخودانی ئادار دیواری ئەو ترسەی شكاند كە دەیان ساڵ بوو رژێمی لەناوچووی بەعس لە شارو شارۆچكە و گوندەكانی كوردستاندا مرۆڤی كوردستانی پێ چاوترسێن كردبوو، ئەنفال و كیمیاباران كردنی كوردستانی لە ناو دڵی گەلی كوردستاندا چاندبوو. راپەرین متمانە و چێژی سەركەوتنی بۆ ناخی مرۆڤی كورد گەڕاندەوە، پاش ئەوەی لە ئەنجامی جینۆساید كردنی كورد لە هێرشی ئەنفالەكان و كیمیاباران كردنی هەڵەبجە و زۆرجێگای تری كوردستان لە كۆتایی دەیەی هەشتاكاندا، بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان كەوتبووە قۆناغێكی نوچدان و نسكۆوە، بەڵام راپەڕین وزە و گیانی بەخشیەوە بە خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان، ئەمە جگە لەوەی دۆزی رەوای گەلەكەمانی بردەوە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، راپەرینی جەماوەر و پێشمەرگە بۆ جیهانی سەلماندەوە كە گەلی كوردستان دەست لە ئامانج و ماف و دۆزی رەوای هەڵناگرێت، جێی باسە هاوكات لەگەڵ ئەو هەلوومەرجە سەختەی ئەوكاتی پێش راپەڕین بەرەی كوردستانی بەمەبەستی خۆسازدان بۆ ئەو پێشهاتانەی لە دوای ساڵی 1990ەوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەدەركەوتبوو، لە ڕووی پێشمەرگایەتی و راگەیاندنەوە هێزەكانی خۆی بۆ ئەو گۆڕانكارییە پێشبینی كراوانەی عێراق و ناوچەكە ئامادە كردبوو، هەربۆیە لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆی ئەو ساڵەدا كاتێك بڵێسەی ڕاپەڕین هەڵكرا، پێشمەرگەكانی بەرەی كوردستانی بوونە مەزنترین پاڵپشت بۆ جەماوەری راپەڕیووی كوردستان و یەكڕیزی بەرەی كوردستانی بووە هۆكارێكی كاریگەر و هاندەرێكی مەزن بۆ راپەڕین و سەركەوتنی خەڵكی كوردستان، راپەڕین جەماوەر و هێزە سیاسییەكانی یەكخستەوە و لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا قۆناغێكی نوێ لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دەستی پێكرد، راپەرین وزە و گیانێكی شۆڕشگێرانەی وای لە ناو گەلی كوردستاندا دروست كرد، كە دواتر هێرشی سوپای ناوەند بۆ سەر كوردستان نەیتوانی ئەو گیانەی راپەڕین خامۆش بكات و جەماوەری راپەڕیوو لە بەرانبەر هێرشی سوپادا، كۆڕەوێكی مەزنی ئەنجامدا، كە لە مێژووی هاوچەرخی كوردا، بە “كۆڕەوە مەزنەكە” ناودەبرێت، كۆڕەویش بۆخۆی درێژەپێدەری هەمان گیانی راپەڕین بوو، هێمایەك بوو بۆ رەتكردنەوەی ژێردەستەی و گوزارشێك بوو لە ئیرادەی یەكگرتووی گەلی كوردستان بۆ بەدەست هێنانی مافی چارەخۆنووسین، هەموو ئەوانە نیشانە بوون بۆ دەست پێكردنی قۆناغێكی نوێ لە دیرۆكی گەلەكەماندا كە دواتر لە داستانی بەناوبانگی دەربەندی كۆرێدا، سوپای هێرش هێنی بەعس بە سەختی لە بەرامبەر پێشمەرگەدا شكا و بەمەش حكومەتی عێراق داوای گفتوگۆی كرد و بە هۆی بە ئەنجام نەگەییشتنی گفتوگۆكانیش، حكومەتی بەعس ئیدارەی خۆی لەكوردستان كێشایەوە، پاشان لە سەرپێشنیاری سەرۆك مەسعود بارزانی هەڵبژاردنێكی ئازادانەی دیموكراتیانە لە 19ی ئایاری 1992دا ساز دراو، ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردستان هەڵبژێردرا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك هێنراو دواتر پەڕلەمانی كوردستان شێوازی فیدراڵی هەڵبژارد بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەند. جێی ئاماژەیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی رزگار بوونی شاری رانییەی دەروازەی ڕاپەرینی وەك پشووی فەرمی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان راگەیاندووە.