عیماد برهۆ: پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان رێكخراوی تیرۆریستیی دروست كردووە و كردەوەی تیرۆریستی دەكەن

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، رایدەگەیەنێت، پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان، بەئاشكرا رێكخراوی تیرۆریستیی دروست كردووە و كردەوەی تیرۆرستی دەكات. هۆشداریی ئەوەشە بە پەكەكە دا كە دەنگی خۆیان دەگەیەننە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، كە ئەو كردەوە تیرۆرستییانە لەسەر بارەگاكانی پارتی و ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان رابگیرێن، كە بەئاشكرا لەلایەن رێكخراوێكی دروستكراوی دەمامكداری سەر بە پەكەكەوە ئەنجام دەدرێن.

عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا، ڕایگەیاند، یەكێك لەو دەزگایانەی، كە راستەوخۆ بە پەكەكەوە گرێدراوە، ئەو رێكخراوەیە بەناوی ”جەوانێن شۆڕشگێڕ“، ئەو رێكخراوە بەتەواوی دەستی كردووە بە كاری تیرۆریستی و بەتەواوی دوورە لە عەقڵی كوردایەتی، چونكە هەركەس تۆزێك عەقڵی كوردانەی هەبێت، ئەوە بڕوای بە بیروڕای جیاواز و تێگەیشتنی جیاواز هەیە، بەڵام پەكەكە بە هیچ شێوەیەك رای جیاواز قبووڵ ناكات و لە ڕێگەی ئەو رێكخستنانەوە، كە دروستی كردوون، دەست بۆ كاری تێكدەری و تیرۆریستی دەبات.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد، راشیگەیاند، هیچ كات لەناو كوردانی رەسەنی سووریا ئەو عەقڵییەتە شەڕانگێزییە نەبووە، بەڵام لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا، كە پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان باڵادەست بووە، ئەوەتا دەبینین دۆخەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە رێكخراوی تیرۆریستی بە ئاشكرا هەیە و بە ئاشكراش كردەوەی تیرۆریستی لەناو شارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات.

گوتیشی: ”ئەو دەستدرێژییە تیرۆرستییەی كە رێكخراوێكی گرێدراوی پەكەكە بە دەمامكەوە كردوویەتییە سەر بارەگایەكی پارتی و رەمزی نەتەوەیی كورد (بارزانیی نەمر) و ئاڵای پیرۆزی كوردستان، ئەوە بە دڵنیاییەوە قبووڵكراو نییە، بە دڵنیاییەوە دەنگی خۆمان دەگەیەنینە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و داوایان لێ دەكەین ئەو كردەوە تیرۆرستییانە لەسەر بارەگاكانی ئەنەكەسە رابگرن، چونكە ئەوە جاری یەكەم و دووەم نییە، پێشتر لە دربیسی و قامشلۆ و چەندین شوێنی دیكە ئەو رێكخراوە كردەوەی تیرۆریستیی لە دژی بارەگاكانی ئەنەكەسە كردووە

دڵخوازەكانتان