گوتەبێژی وەزارەتی دارایی : نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، “تەنها کێشە دروستکردنە”.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، رایگەیاند، “بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێدوانەکانی دوێنێی تەیف وەزیری دارایی عێراقیش، بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە ناتوانین بڵێین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکان دەکەین“.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی، “ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵێکە دەستمان بە پڕۆژەی ‘هەژماری من’ کردووە. ئەو هەژمارە بانکییە بۆ زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر دروستکراوە، بەتایبەت لە هەولێر هەژماری بانکی بۆ زۆرینەی مووچەخۆران دروستکراوە. ئێستا پڕۆژەکە خەریکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “پڕۆسەی هەژماری من کێشە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دروست ناکات، چونکە ئەو بانکانەی هەرێمی کوردستان کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە و هەموویان بە رەزامەندی ئەو بانکە بەشدارییان لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە”.
لە ساڵی 2016ـەوە خەریکی دروستکردنی هەژماری بانکییە؛ هەشت ساڵە 20 بانکی عێراق خەریکی ئەو پڕۆسەیەن کەچی تەواو نەبووە، چۆن دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت؟. بەداخەوە بەشێک لە پەرلەمانتاران پەیامی بەغدا دەگەیەنن لە دژی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ئەو كێشانەی لە عێراق هەیە”.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، “تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە. هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێخییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان.
هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 تاوەکو ئێستا، “سێ ساڵ یاسای بودجەی فیدراڵی هەبووە، دوو ساڵیش بەپێی یاساکانی دیکە. پێویست بوو لەو پێنج ساڵەدا 59 تریلیۆن و 29 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام حکومەتی عێراق لەو پێنج ساڵەدا تەنها 13 تریلیۆن و 401 ملیار دیناری ناردووە کە بەشێکی زۆری بە شێوەی قەرز بووە. واتا لە پێنج ساڵی رابردوو تەنها سەدا 22.7ـی شایستە داراییەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی وەرگرتووە”.
بە گوتەی هونەر جەمال، “حکومەتی عێراق بەردەوام ویستوویەتی هەرێمی کوردستان بچەوسێنێتەوە. بەردەوام بیانووی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات”.
بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، لیستی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە؛ گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، بەگوێرەی دوایین ئەو لیستەی مانگی 10ـی رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.