ئەمشەو رێورەسمی بەرات، لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت 

ئەمشەو 24.2.2024، پۆلیسی سلێمانی لە رێگەی دابەشکردنی هێزەکانییەوە بەسەر چەند تیمێکی گەڕۆکدا، دەیەوێت رێگربێت لە دروستبوونی پشێووی و بێزاری خەڵک لە ئەگەری تەقاندنی تەرەقە و یاریە ئاگرینییەکان لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شاردا.

ئەمشەو رێورەسمی بەرات، لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و نەریتێکە منداڵان پاش خواردنی نانی ئێوارە دەست بە کۆکردنەوەی شیرینی لە ماڵە دراوسێکانیان دەکەن.

بەشێک لە منداڵان، دۆخەکە دەگوازنەوە بۆ تەقاندنی تەرەقە و یارییە ئاگرینییەکان، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ، رێنمایی بە خەڵک دراوە، کە نابێت پێشووی و نائارامی لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شاردا دروست بکرێت، هەر ماڵێک یان خانەوادەیەک هەستی بە بێزاری یان بەرکەوتەی لەگەڵ یارییە ئاگرینییەکان و تەرەقەکان هەبوو، باشترە دەستبەجێ پۆلیس ئاگاداربکاتەوە.

ئەو وتی، جگە لە پۆلیسی بنکەکان، ئەمشەو سەرجەم تیمەکانی پۆلیسی فریاکەوتن بە ژمارە 104ی پەیوەندی لە ئەرکدا دەبن، بە قسەی وتەبێژەکەی پۆلیس، ئەوان رێگە دەدەن لە شوێنە گشتییەکان و کاتی خۆشیدەربڕیندا یارییە ئاگرینییەکان بەبێ زیانگەیاندن بە خەڵک دوور لە کۆڵان و گەڕەکەکان بەکاربهێنرێن.

لە بارەی رێگری لە داغڵکردنی یارییە ئاگرینییەکان ئەو وتی، ئەو تەقەمەنییانە قەدەغەن، لە سەرجەم بازگە و دەروازەکانەوە بڕیار و رێنمایی هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتن، بەڵام بە قاچاغ هەر دەهێنرێتە ناو شارەکان، “ئێمە بە هەرکەسێک ئەو تەرەقە و تەقەمەنییانە بگرین دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگرین، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی لەلایەن هێزەکانمانەوە کەسەکە دەستگیر دەکرێت”.

دڵخوازەكانتان