ئەمرۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایكە

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە ٢١ی شوباتی ھەموو ساڵێک، ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرھەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەمجار لە ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا. ساڵی ٢٠٠٨یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی ٢٠٠٨یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.
بەناوبانگترین ئامار كە كرابێت بۆ دیاریكردنی ژمارەی ئەو كەسانەی كە بە زمانێكی دیاریكراو قسە دەكەن بریتیە لە ئامارەكانی كتێبی ” راستییەكانی جیهان” كە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە نوسراوە لەگەڵ كتێبی ” ئینكارتا” و ” ئیتنۆلۆج”.
زۆرینەی ئامارەكان كۆكن لەسەر ریزبەندی ئەو 10 زمانەی كە زۆر بەربڵاون لە رووی ژمارەی بەكارهێنەران و ژمارەی دانیشتوان لە جیهاندا
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیھاندا 7 ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و زۆرترین خەڵك قسە بە 100 زمان دەكەن.
 کورد وەک نەتەوەیەکی کۆن زمانی خۆی ھەیە، لە چەندین دیالێکت و زاراوە پێکھاتووە، بەڵام لە چەندین قۆناخی جیاوازدا لەلایەن دەوڵەتانی باڵادەست ھەوڵی سڕینەوەی دراوە لەگەڵ ئەوەشدا بە زیندوویی ماوەتەوە و لەلایەن زمانزان و شارەزایان و پسپۆڕانی زمانی كوردیەوە پارێزگاری لێدەكریت.
بەپێی ریزبەندی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی زمانی کوردی لە پلەی 59-یەمین زمانی جیهاندایە لەئێستادا (21)ملیۆن کەس زمانی کوردی بەکاردەهێنن کەدەکاتە ( ٪ 0٫31) ی کۆی دانیشتوانی جیهان
لەو 100 زمانەی زۆرترین خەڵک قسەی پێدەکەن، زمانی ماندراین کە زمانی چینییەکانە 955 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و لە ریزبەندی یەکەم زمانی جیهانی دایە، لەدوای ئەویش زمانی ئیسپانی دێت کە 405 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و زمانی ئینگلیزیش 360 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن.
دەیان زمانیش هەن کەئەوکەسانەی ئاخاوتنی پێدەکەن هێندەی پەنجەکانی دەست وکەمتر یان زیاترن.
 لەعێراق لەگەڵ ئەوەی زمانی کوردی زمانی فەرمیەولەدەستوردا جێگیرکراوە ، بەڵام لەم چەندساڵەی دواییدا کاردەکرێت بۆپەراوێزخستنی زمانی کوردی ، ئەمە جگەلەوەی بەشێک لەدام ودەزگاو ڕاگەیاندنەکانی خۆشمانەوە درێغیان نەكردووە لە تێكدانی وشە و ڕستەو زمانی کوردی ، بابەدەواری شڕی نەکردبێت ، هەربۆیە پێویستمان بەپسپۆڕان وشارەزایانی بواری زمانەوانیە کەسنورێک دابنێن بۆئەوشێواندنەی کەبە وشە و زمانی کوردی دەکرێت .
لە جیھاندا ئێستا 472 یاسای زمان ھەیە و 193 وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان پێدانراوە.
ھەریەکە لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق یاسای تایبەتیان بە زمان دەرچواندووە، لە دەستووری عێراق دەڵێت دوو زمان ھەیە، ئەمە لە كاتێكدایە جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی چەند زمانێكی دیكەش لە عێڕاقداهەیە.
تائێستاش لەوڵاتی تورکیا ولەدەستورەکەیدا ئاماژە بەیەک زمان ونەتەوەکراوە ، بەڵام 30 نەتەوە و 36 زمان لە تورکیا هەیە کە دیارترینیان زمانی کوردییە .
لەوڵاتی ئێرانیش هەرچەندە لە ماددەکانی 15 و 19ی دەستووردا ئاماژەبەوە کراوە کەهەموونەتەوەکان دەتوانن لەڕاگەیاندندا زمانی خۆیان بەکاربهێنن بەڵام زمانی کوردی زمانی خوێندن ونوسین نیە و فشاریشی لەسەرە، تەنانەت لەسەربرەودان بەزمانی کوردی وفێرکردنی مناڵان بەزمانی دایکیان بەچەندین ساڵ سزای بەندکردنی مامۆستایانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەدرێت .
لەسوریاش تا ئێستا زمانی کوردی زمانی فەرمی نیە و دانی پێدا نانرێت

بەختیار مەلا ئەحمەد

دڵخوازەكانتان