سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی لە یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەکات


سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی هەردوو رێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەکات و دەڵێ: پێویستە هەردوو رێكخراو لەم قۆناغەدا لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی رەوای گەلەكەیاندا بن

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی حەفتاویەك ساڵەی دامەزراندنی هەردوو رێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

قوتابیان و لاوانی کوردستان لە دەستپێكی دامه‌زراندنیان لە شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئەمڕۆ سەنتەری پێگەیاندنی ڕۆڵەی بە وەفا و خەباتگێڕ و سەركردەی بە توانا بوونە و هەمیشە وزە و تینی تازەیان داوەتە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و لەو رێگەیەدا قوربانیان داوە.

هەردوو رێكخراوی یەكێتی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی رەوای گەلەكەیاندا بن. قوتابیان و لاوان هەمیشە ئومێدی گەلی كوردستانن و پێویستە لە خەبات و تێكۆشانیاندا پابەندی بەها بەرزەكانی رێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و بە چەكی زانست و هۆشیاری خزمەتی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی

دڵخوازەكانتان