باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم و لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکان پرسی هێرشکردنە سەر هەولێر تاوتوێ دەکەم

تۆماس سێیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەدا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوه‌

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، رایگەیاند، لە سەردانم بۆ هەرێمی کوردستان پرسی هێرشکردنە سەر هەولێر تاوتوێی دەکەم کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدرا.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسه‌دارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە “بێ پاساو و نامەردانە” ناوبرد و گوتی: “لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: “هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە”

دڵخوازەكانتان