ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کارەکانیان راگرت

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن، ئەویش بەهۆى مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەو ئەنجوومەنە. ئۆباڵى ئەنجامەکانى ئەو دۆخە دەخاتە ئەستۆى حکومەت و ئەو لایەنە سیاسیەى کە لەپشت مانگرتنەوەکەیەوە.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، لەگەڵ دادگەى باڵاى فیدراڵى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى دادوەرى لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق و دەڵێت، “لەڕێگەى نامەى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەمان پێ گەیشتووە بۆ گوشارخستنە سەر دادگە.”

بەگوێرەى بەیاننامەکە، بڕیاریانداوە کارەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵى و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن بەرانبەر ئەو “مامەڵە نادەستووری و نایاساییانەى” کە کراون.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئەنجامى ئەو دۆخە دەخاتە ئەستۆى حکومەتى عێراق و ئەو لایەنە سیاسیەى کە لەپشت ئەو هەنگاوەیە.

بەیانیی رۆژی سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.

دڵخوازەكانتان