دانەگاز: لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر سیستمێکی نوێ بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانمان رێککەوتووین

کۆمپانیای دانەگاز، گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی بەرهەمهێنانی گاز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راپۆرتی دارایی ساڵی 2023ـی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان لە 2023ـدا بەراورد بە 2022 بە رێژەی 8٪ بەرزبووەتەوە.

دانەگاز دەڵێت بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە چارەگی چوارەمی 2023 روویداوە و ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە رۆژانە 520 ملیۆن پێی سێجا.

سەبارەت بە دۆخی دارایی، کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت لە 2023ـدا تێكڕا 160 ملیۆن دۆلار پوختەی قازانجیان هەبووە. بەڵام قازانج و داهاتەکانی کۆمپانیاکە بەراورد بە 2022 کەمیکردووە بەهۆی دابەزینی نرخی بەرهەمەکانیان.

دانە گاز ئاشکرای دەکات، نرخی بەرمیلێک گازی کۆندێنسەیت لە 2023ـدا تێکڕا 51 دۆلار بووە و لە 2022ـدا 79 دۆلار. هەروەها نرخی بەرمیلێک گازی LPG لە 2023ـدا تێکڕا 35 دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە 2022ـدا 42 دۆلار بووە.

ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2023 بەراورد بە 2022 بە رێژەی 20٪ کەمبکات.

دانەگاز رایگەیاند لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتووە لەسەر سیستمێکی نوێ بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان. بەپێی ئەو سیستمە؛ شایستە داراییەکانیان لە وێستگەکانی کارەباوە پێدەدرێت.

گازی سرووشتی بەرهەمهاتوو لەلایەن دانەگازەوە لەڕێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە وێستگەکانی کارەبا.

دانەگاز دەڵێت کۆکردنەوەی شایستە داراییەکانیان لە وێستگەکانی کارەبا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت.

کۆمپانیاکە دەڵێت سیستمە نوێیەکە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە بتوانن سەرمایەی پێویست بۆ تەواوکردنی پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەدەستبهێنن، کە دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بە بڕی 250 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە.

داناگاز پێشبینی دەکات لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ئەو پرۆژەیە تەواو بکرێت.

ریچارد هاڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانەگاز رایگەیاندووە ساڵی 2023 ساڵێکی باش بووە “بۆ کۆمپانیاکەمان” و بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کارەکانیان.

دڵخوازەكانتان