سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان : کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەرەتای مانگی داهاتوودا دەكرێت

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ‘بۆ کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بڕیار نەدراوە لە چ رۆژێکدابێت، بەڵام ١ی٩ی٢٠٢٢ نابێت، بەڵکوو لە ٥ی مانگ تا ١٠ی ٩ کۆبوونەوە دەکرێت، بڕیاریش دراوە هەموو میوانەکانی کۆبوونەوەی یەکەم، بە ئامادەبوونی جەنین بلاسخارت بەشدار ببنەوە، کۆبوونەوەکەش لەسەر داواکاریی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت’.

فەوزی هەریری، باس لەوەش دەکات، کە هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان چ لە رووی نێودەوڵەتییەوە، چ لە رووی بەرەوپێشبردنی دیموکراسییەوە سوودی زیاترە، بە پێویستی دەزانێت کە لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییەکانی هەرێم پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیان بخەن، بۆیە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێک بۆ ئەوە دەدەین، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “ئێمە و خەڵکی دیکە هەوڵ دەدەین بۆچوونەکانی یەکێتی و پارتی لە یەکتر نزیک بکەینەوە، ئەگەر هەوڵەکان بەرهەمیان هەبوو باشە، ئەگەرنا کۆبوونەوەکە زیاتر دوادەخرێت، ئێمە لای خۆمانەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی هەماهەنگیمان هەیە، هەوڵ دەدەین تا کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵییان هەبێت”.

ئەوەشی خستە روو، کە بابەتەکە زیاتر پەیوەندیی بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن و بابەتی ترە، لێرەش پێویستە بڵێین، کە پارتی زیاتر ئیستجابەی بۆ داواکاریی لایەنە سیاسییەکان هەبوو، کە داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان دەکرد، ئۆفەرەکەی پارتی کە بە ٥٠ بە ٥٠ رازییە، خۆی ئەمە رەزامەندیی پارتییە لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە، بۆیە دوای کوبوونەوەی داهاتووی سەرۆکایەتیی هەرێم، بابەتەکە رەنگە بگەڕێتەوە بو پەرلەمانی کوردستان.

دڵخوازەكانتان