سلێمانی … كرێی پاس بوو بە 500 دینار

بەشێک لە شۆفێری پاسەکانی سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕیاریاندا کرێی گواستنەوە کەمبکەنەوە و نوێنەری خاوەن پاساکانیش دەڵێت، “نرخی بەنزین لە هەزار و 200 دینارەوە دابەزیوە بۆ 800 دینار. ئێمەش بەهۆی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان، کرێی گواستنەوە لە 750 دینار دەکەین بە 500 دینار”. 

رۆژی چوارشەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2024 نوێنەری بەشێک لە پاسەکانی هێڵی گواستنەوەی نێوشاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە بڕیاری خۆیان دابەزاندنی کرێی گواستنەوەیان راگەیاند و رایانگەیاند، “لەبەرئەوەی دۆخی ئابووریی خەڵک زۆر خراپە، ئەو بڕیارەمان داوە”.

نوێنەری بەشێک لە شۆفێری پاسەکانی هێڵی گواستنەوەی نێوشاری سلێمانی گوتی، “بە رەزامەندی خۆمان بڕیارمان دا کرێی گواستنەوەی یەک کەس لە 750 دینارەوە بکەین بە 500 دینار و بڕیارەکەشمان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانە”.

ساڵی رابردوو بەهۆی بەرزی نرخی بەنزین، کرێی گواستنەوەی پاس لە سلێمانی لە 500 دینارەوە بۆ 750 دینار بەرزبوویەوە. نوێنەری ئەو خاوەن پاسانە دەڵێت، “کاتێک کرێی گواستنەوەمان کرد بە 750 دینار، لیترێک بەنزین بە هەزار و 200 دینار بوو. ئێستا نرخەکە دابەزیوە بۆ 800 دینار. ئێمەش لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان بڕیارماندا کرێی گواستنەوە بکەینەوە بە 500 دینار”.

نوێنەری ئەو خاوەن پاسانەی سلێمانی داوا لە خاوەن پاسەکانی دیکەش دەکات دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی ئەوان و کرێکەیان دابەزێنن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، “دۆخی ئابووریی خەڵک زۆر خراپە، بۆیە داوا لە شۆفێرانی پاسەکانی دیکەش دەکەین لەپێناو هاووڵاتییان، کرێی گواستنەوە کەم بکەنەوە”.

لە شاری سلێمانی هەزار و 650 پاس لە هێڵەکانی گواستنەوەی نێوشاردا کاردەکەن. لەو ژمارەیە 450 پاسیان مۆدێلیان لە خوار ساڵی 2000ـە و زیاتر لە 18 هەزار تەکسیش لە نێوشاردا هاووڵاتییان دەگوازنەوە.

دڵخوازەكانتان