37 ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا تێدەپەڕێت

ئیدریس مستەفا بارزانی ساڵی 1944 لە بارزان لەدایکبوو، کاتێک تەمەنی سێ ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دوورخرایەوە و لەوێ ژیانێکی سەختی دوور لە نیشتمانی بەسەربرد

بەڵام ئەو ژیانە سەختە نەبووە هۆکارێک بۆئەوەی نەخوێنێت و نەخوێنێتەوە. ئەو بە ئەندازیاری ئاشتبوونەوە ناونرا ڕۆژی چوار شەممە  (31-01-2024)، 37 ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا تێدەپەڕێت.

 ئیدریس بارزانی دوای نسکۆی 1975یش بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە، دەبێت خەڵکی ئاوارە و کۆچبەر بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان لە باشووری کوردستان. 

 ئیدریس بارزانی مرۆڤێکی خوێندەوار و تێگەیشتوو لە بەغدا ناوەندیی خوێندبوو، باکگراوندێکی باشی  سیاسی و فكری هەبوو، زۆریش بایەخی بە فەلسەفە و شیعری دونیا و جوڵانەوەی سیاسی لە دونیادا دەدا.

ئیدریس بارزانی هاوڕێكانی دەلێن :” دەروێشی بزووتنەوەی کورد بوو، هیچ شتێکی بۆخۆی نەبووە ، هەمیشە دەیگوت دوای 1975 ئەمانەتێکە لەسەر ئێمە ئەو خەڵکە ببەینە جێگەی خۆی، واتە خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە جێگەی خۆی، ئەوەی لە باشوورە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەوەی لە دەرەوەیە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەو شوێنانە ئاوەدان بکرێنەوە

سەرۆک بارزانی و كاك ئیدریس بارزانیی برای، بەیەکەوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول جارێکی دیکە ئاگرى خه‌باتی كوردایه‌تییان هه‌ڵایسانده‌وه‌ و گیانی بەرگری و قارەمانییەتییان بە زیندوویی ھێشتەوە و هیوایان بۆ گه‌ل و نیشتیمان گێڕایەوە.


كاك ئیدریسى جوانه‌مه‌رگ، هەمیشە دەرگای واڵا بووە بۆ هەموو نیشتمانپەروەرێک، وه‌ك ئه‌ندازیارى ئاشتی ڕۆڵی گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ لە یەکتر نزیکكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و دامه‌زراندنی به‌ره‌ى كوردستانی، کەسێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بوو، له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و پێشمه‌رگایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕۆڵی پێشه‌نگ و گه‌وره‌ و به‌رچاوی هه‌بووه‌.


لە ساڵیادی ژیانئاوایی كاك ئیدریس بارزانی-دا هەموومان له‌سه‌ر ڕێبازی كوردپه‌روه‌رانه‌ی ئەو، هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی دەسکەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانمان و ده‌سته‌به‌ركردنی یەکڕیزی و ئاشتەوایی و یەکتر قبووڵکردن بدەین

.
هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی كاكه‌ ئیدریسى هه‌میشه‌ زیندوو و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریى كورد و كوردستان.

 ئیدریس بارزانی جەختی لە گرنگی پێکەوەکارکردنی حیزبە کوردستانییەکان دەکردەوە و ئاماژەی بەوەدەکرد، لەو رێگەیەوە گەلی کورد زووتر و ئاسانتر بە مافەکانی دەگات. 

 فەلەکەدین کاکەیی، هاوڕێی کۆچکردووی ئیدریس بارزانی دەشڵێت “لە ئاشتبوونەوەی گشتی یەکەمجار مام جەلالی بینی لە تاران، سنگ فراوانی بۆ مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا هەبوو، لە ساڵی 1980 یەکەمجار لەگەڵ حیزبی سۆسیالست پەیوەندیمان بەست و میوانداریمان کرد و دکتۆر مەحموود بەناوی مەکتەبی سیاسی هاتە راژان و مەکتەبی سیاسی و ئیدریس پێشوازی لێکرد، دوای لەگەڵ هەموو حیزبەکانی دیکەدا، واتە ئیدریس بارزانی زەمینەسازی بۆ دامەزراندنی بەرەی کوردستانی کرد، بەڵام بە داخەوە ئەوکاتەی بڕیاری پێکهێنانی بەرەی کوردستانی درا، ئەو کۆچی دوایی کردبوو”.

ئیدریس بارزانی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆک بارزانییدا هەبوو و ئەو پەیوەندییەش هەمیشە و لای هەموو کەس هەستی پێدەکرا. 

فەلەکەدین کاکەیی ئاماژە بەوەش دەدات “لە ساڵی 1979 کۆنگرەی نۆیەم بەسترا، لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆشدابوو، پارتی لە زۆر لاوە گەمارودرابوو لە ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان، جیا لە رووە سەربازییەکە زیاتر لە رووی سیاسییەوە گەمارۆدرابوو. لەو کۆنگرەیە گونجان هەبوو، ئەوەبوو مەسعود بارزانی بووە سەرۆکی پارتی و کاک عەلی عەبدوڵڵاش بووە سکرتێری پارتی، کاک ئیدریسیش بە هەموو سادەییەوە قبووڵی کرد ئەندامی مەکتەبی سیاسی بێت، هەمیشە جێگەی رێز بووە، کاک مەسعود سەرۆک بوو، بەڵام هەمیشە شتە بنچینەییەکانی بۆ کاک ئیدریس بەجێدەهێشت لە رووی سیاسی و جەماوەری و پەیوەندییەکانی دەرەوە”.

ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 1987 لە شارۆچکەی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی رۆژھەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشتی مستەفا بارزانی باوکی بەخاک سپێردرا. دوای راپەڕینی ساڵی 1991 تەرمی مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان و لە بارزان بەخاک سپێردران.

دڵخوازەكانتان