قەرزە دەرەكییەكانی عێراق دەگاتە 21 ملیار دۆلار

راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، تاوەكو ساڵی 2028، قەرزە دەرەكییەكانی عێراق دەگاتە 21 ملیار دۆلار.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، رایگەیاند: ” ئەو قەرزە دەرەكییەی عێراق كە دەبێت تاوەكو ساڵی 2028 بیداتەوە دەگاتە 21 ملیار دۆلار.”

ئاماژەی بەوەش دا، زۆربەی ئەو قەرزانە لە نێوانی ساڵی 2014 تاوەكو ساڵی 2021 وەرگیراون، گوتیشی: ” کەڵەکەبوونی ئەو قەرزانە بۆ دوو قەیرانی بە دوای یەک دەگەڕێنەوە، یەکەمیان شەڕی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 ساڵی ، دووەمیشیان بەهۆی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020. هەروەها داڕمانی بازاڕی نەوت، وایکرد ئەنجوومەنی نوێنەران لە ساڵی 2020 دوو یاسای وەرگرتنی قەرز پەسەند بکات.”

مەزهەر محەمەد ساڵح روونیشی كردەوە، لە بودجەی ساڵی 2024دا بڕە پارەیەكی زۆر بۆ دانەوەی قەرزە دەرەكییەكان تەرخان كراوە.

ئەو قەرزە زۆرەی سەر عێراق، لە كاتێكدایە كە داهاتی نەوتی عێراق بە درێژایی ساڵی 2023، مانگانە لە سەرووی هەشت ملیار دۆلارەوە بووە.
(گۆڤاری سی وۆرلد) لە ڕاپۆرتێکدا باس لە گەشەی ئابووری وڵاتان دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە لە ساڵی 2024 گەشەی ئابووری لە جیهاندا كەم دەبێتەوە.

بەپێی پۆلێنکردنی گۆڤارەکە، عێراق لە ڕیزبەندی 121 لە کۆی 189 وڵات لەڕووی گەشەی ئابووری پێشبینیکراو بۆ ساڵی 2024، بەرهەمی گشتیی ناوخۆی عێراق زیاتر لە 297 ملیار دۆلار و بۆ هەر تاکێک بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر لە 5 هەزار و 880 دۆلارە.

دڵخوازەكانتان