بەشە ئاردی یەكەمی ئەمساڵی هاووڵاتییان دابەش دەكرێت

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییان لەبارەی وردەکاریی بەشەئاردی یەكەمی ئەمساڵ ئاگادار دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:” لیستی ناوی هاووڵاتییان دابەشی سەربریکارەکانی ئارد كراوە و ئامادەسازی وەرگرتنی بەشە ئاردی یەکەمی ئەمساڵ بەرەو تەواو بوونە.”

بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی بازرگانی، هەر هاووڵاتییەك بڕی نۆ كیلۆ ئاردی بەر دەكەوێ‌.

نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش دا: “لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی ئارد دەکرێت بەسەربریکارەکان ولەڕێگای ئەوانیش دەگاتە دەستی هاووڵاتیان، بێگومان پاش ئەوەی پشکنینی بۆ دەکرێت وتاقی دەکرێتەوە و نانی لێ دروست دەکرێت پاشان ئاردەکە دابەش دەکرێت.”

بەگشتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشەخۆراكی مانگانە، ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 650 هەزار تۆن ئارد دەبێ.

بەرپرسەكەی وەزارەتی بارگانی ئاشكراشی كرد: “گەنمەكە خۆماڵیە و پشکنین بۆ گەنمەکە كراوە پشكنین بۆ ئاردەکەش دەکەین و نانی لێ دروست دەکەین لە هەموو ئاشەکان پاشان دابەش دەکرێت.”

نەوزاد شێخ کامیل ئاشکراشی کرد، هاوكات دەست کراوە بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی یەكەمی ئەمساڵی هاووڵاتییانیش.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا، کە ئاردێک باش نەبێت دابەش ناکرێت و گوتیشی: “هەموو گەنمەکانی پێشوو ئاردی باشیان لێ بەرهەمهاتووە و تاقی کراوەتەوە و نانەکەی جوان بووە، بۆیە هاووڵاتییان بەبێ دوودڵی دەتوانن ئارد وەربگرن و بەكاری بهێنن.”

دڵخوازەكانتان