ئێران هێرش دەکاتە سەر ئامانجی خەیاڵی، لە کاتێکدا ئیسرائیل بە ئاشکرا سەرکردەکانی ئێران دەکوژێت

ئەمڕۆ دووشەممە ڕۆژنامەی (The Times Of The Israil) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی كردەوە كە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، لاوازییەکی حاشاهەڵنەگر پیشان دەدات، كە ئێران هێرش دەکاتە سەر ئامانجی خەیاڵی، لە کاتێکدا ئیسرائیل بە ئاشكرا سەرکردەکانی ئێران دەکوژێت.“

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی (تایمز ئیسرائیل)دا هاتووە: ”ئێران دوای چەند مانگێک لە سەیرکردنی شەڕی بریکارەکانی لە سەرانسەری ناوچەکە، لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ یەکەمین جار ڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی کوشندە هاتە ناو شەڕەکەوە.“

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، سوپای پاسدارانی ئیسلامیی ئێران، چەند مووشەکێکی بالیستی ئاڕاستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی ئازاد لە عێراق کرد و دواتریش هێرشی کردە سەر سووریا.

ئێران لە هێرشەکەی بۆ سەر سووریا، گوتی: ”سوپای پاسداران پێگەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)ی کردووەتە ئامانج، كە بە (ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری کرمان ناوی بردووە)، ئەمەش بەڕواڵەت ئاماژەیەکە بۆ هێرشی 3ی 1ی 2024، کە لانی کەم 84 کەس لە دوو تەقینەوەدا لەنزیک گۆڕی (قاسم سولەیمانی) لە كرمان کوژران.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە لەبارەی پڕوپاگەندەکانی ئێران بۆ هێرشەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: ”سەرەتا ئێران پڕوپاگەندەی ئەوەی کرد، کە گوایە لە هێرشەکەیان بۆ سەر هەولێر (یەکێک لە بارەگا سەرەکییەکانی مۆساد)یان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، بەڵام هەر زوو ئەم پڕوپاگەندەیە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕەت کرایەوە و ئاشکرا بوو لەو هێرشە دڕندانەیەی ئێران لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، ماڵی بازرگانێکی کوردی دانیشتووی هەولێریان کردووەتە ئامانج و لە هێرشەکەدا بازرگانە کوردەکە و کچەکەی، کە تەمەنی یەک ساڵانە گیانیان لەدەست داوە.“

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: ”دوای ئەوەی پڕوپاگەندەکانی سوپای پاسداران بەدرۆ خرانەوە، ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئەو کەسە دەستی هەبووە لە فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل.“

تایمز ئیسرائیل نووسیویەتی: ”لەبەر ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق لە دۆخێکی وەهادا نین، بە ڕێگەی سەربازی وەڵامی ئەو هێرشە دڕندانەیە بدەنەوە، لەبری ئەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایان دژی ئێران تۆمار کرد. “

(ڕاز زیمت)، پۆفیسۆر و شارەزا لە سیاسەتی ئێران لە ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لە تەلئەبیب، لەمبارەوە دەڵێ، ”هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا پیشان دەدات.“

گوتیشی: ”لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا، دەبینین ئێران لەو سیاسەتە تێدەپەڕێت، کە ئێمە پێی ئاشناین، ئەویش بەکارهێنانی بیرکارەکانیەتی. ئەمجارە ڕاستەخۆ خۆی دێتە نێو گەمەکەوە.“

زیمت ئەوەشی گوت: ”لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ئێران بەرەوڕووی خراپتربوونی ئاستەنگە ئەمنییەکان بووەتەوە، چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوە، هەندێکیان پەیوەندییان بە شەڕەوە هەیە، هەندێکیان پەیوەندییان بە پرسە ناوخۆییەکانەوە هەیە. ئێران هەوڵ دەدات سیناریۆیەکی قەناعەتکەر بۆ ئەو ئاستەنگە زۆرانەی، کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، دروست بکات، وەکوو ئەو سیناریۆیەی لە هێرشەکەی سەر هەولێر دروستی کرد.”

(تایمز ئیسرائیل) نووسیویەتی: ”لەکاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت لە شەڕی نێوان میحوەرەکەی ئێران و نەیارە هەمەچەشنەکانیدا دەشکێت، دوا شت، کە تاران دەیەوێت ئەوەیە، کە لە چاوی ئیسرائیل و ئەمەریکا و هاوپەیمانە عەرەبییەکانی و دوژمنانی ناوخۆیی ڕژێمدا لاواز دەرنەکەوێت و هێرش دەکاتە سەر ئامانجی وەهمی.“

لەمبارەیەوە، (یۆسی مەنشەرۆف) شارەزای سیاسەتی شیعە لە ئینستیتیوتی میسگاڤ بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی ئیسرائیل دەڵێت: “ئێران دەیەوێت دوای هێرشەکانی بۆ سەر هەولێر پیشانی ناوچەکەی بدات، کە بەهێزە، بۆیە ئامانجی وەهمی دۆزییەوە و چیرۆکێکی بێ بنەما لەبارەی وەڵامدانەوەکانی دەگێڕێتەوە.”

ڕۆژنامەی (تایمز ئیسرائیل) نووسیویشیەتی: “هەرچەندە ئێران شانازیی بە لێدانی ئیسرائیل و تیرۆریستانی سوننەوە دەکات، بەڵام وەڵامەکانی ئێران لاوازییەکی حاشاهەڵنەگر پیشان دەدات.“

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەشڵێت: ”لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بەردەوامە لە کوشتنی ئەندامە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەئاشکرا سەکردەکانی دەکوژێت، باشترین پلانێک، کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت جێبەجێ بکات، هێرشە بۆ سەر ئامانجە وەهمییەکانی، کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە نییە. “

مەنشەرۆف، لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە زیاتر گوتی: ”پێویستە ئەکتەرە ناوچەییەکان بۆ لاوازکردنی هێرشەکانی ئێران، هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست بکەن.“

دەشڵێت: ”ئەکتەرە هەرێمییەکانی ناوچەکە، سعوودییە و ئیمارات و بەحرەین، ئەو هاوپەیمانێتییەیان دەوێت، بەڵام هەموو شتێک پەیوەستە بە هەوڵی ئەمەریکاوە.“

دڵخوازەكانتان